د. مەدیحە سۆفی

دواجار گۆڕانی کەشوهەوا ڕاستییەکی ئەوەندە ڕەها و تاڵە کە باجی ڕووبەڕوبوونەوەی قوربانییەکی زۆر و داڕمانێکی بێوێنەی ژینگەی ژیان بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هیچ کەلەبەرێک و هیچ گۆشەیەکی جیهان لێی بێبەش نابێت. بە پێی توێژینەوەکان، دەرکەوتووە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێژەیەکی کاریگەرتر دەکەوێتە بەر کاردانەوە نەرینییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە، لە ئێستاشدا ماکەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە شێوەی لافاو، بارانی بەخوڕو شڵێوە، بەرزبوونەوەی پەی گەرمی نائاسایی لە هاویندا، باوبۆڕان، ڕەشەبای توند وشکەساڵی زۆر بە ڕوونی لە زۆر ناوچەی سەر گۆی زەوی و بەتایبەتی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و کەنارەکانی پاسیفیک و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەرکەوتووە.

لە دوا ڕاپۆڕتی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی بۆ کەشوهەوا (WMO) لە جنێف لە بەرواری ١٩/١/٢٠٢٢دا، سەرجەم زانیاری و داتای ویستگەکانی کەشوهەوای لە جیهاندا تاوتوێ کردووە، ئەوە دەردەخات کە ساڵی ٢٠٢١ یەکێک بووە لەو حەوت ساڵەی، کە دوابەدوای یەک گەرمتر بوونە لە ساڵەکانی پێشتر و تێکڕای بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە یەک پلە زیاتر بووە لە ئەتمۆسفێری گۆی زەویدا، بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ١٨٥٠-١٩٠٠. واتە زیاتر لە یەک پلەی گەرمی لەچاو سەردەمی پێش سەرهەڵدانی پیشەسازییەوە، ئەم ڕێکخراوە زانیارییەکانی لەبارەی گەرمبوونەوەی گۆی زەوی لە چەند ناوەندێکی باوەڕپێکراوەوە وەردەگرێت، لەوانە ئاژانسی کەەشوهەوا لە ئەمریکا و ناوەندی ئەوروپی کۆپێرنیکۆس، ئەم گۆڕانکاریانەی لە کەشوهەوا ڕوودەدەن ئەوەندە کاریگەرن، بە شێوەیەک لە هاوینی ڕابوردوودا پلەی گەرمی لە کەنەدا گەیشتە هەمان پلەی گەرمی بیابانەکانی جەزائی.

”گەرمبوونەوەی ئەتمۆسفێری گۆی زەوی، بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی زۆر لەو گازە زیانبەخشانەی، گەرمی خۆر گڵ دەدەنەوە، بەردەوام دەبێ.”[1]

کیشەی گۆڕانی کەشوهەوا کێشەیەکی جیهانییە، دوا ڕاپۆڕتی IPCC تەواوی هۆکار و پێشهات و ئەگەرەکانی ئەم کێشە جیهانییەی خستووەتەڕوو، زۆر ڕاشکاوانە ورد و درشتی دەرئەنجامی توێژینەوەکانی، یەکەم جار پێشکەش بە نوێنەرانی ئەو وڵاتانە کردووە، کە لەو ڕێکخراوەدا ئەندامن، پاشتر لە ڕێی ڕاگەیاندنەوە بەبێ پەردەپۆشی، ڕاستەوخۆ جیهانیان لێ ئاگادار کردووەتەوە، زانا و ناوەندەکانی زانستیش لەلایەکەوە و چالاکوانانی بواری پاراستنی ژینگە و تەندروستیش لەلایەکی ترەوە، بەپێی دەرئەنجامی ئەو هەڵسەنگاندنەی IPCC بۆ ئەو توێژینەوانەی کردووە، جەخت لەسەر کەمکردنەوەی هۆکارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن و زانستیانە ئەم بابەتە شیدەکەنەوە، نەک هەر ئەوەش بەڵکو یەکێک لە ڕێوشوێنی خۆپاراستن لە توڕەبوونی سروشت، هەڵکردنە لەگەڵ ئەو کاردانەوانە و هاتنەکایەوەی بیر و بیرۆکەی نوێیە بۆ خۆگونجاندن و لادان لەو زیانانەی لەو کارەساتە سروشتییانەوە دەکەونەوە، بەهەند وەرگرتنی چۆنییەتی خانوبەرە دروستکردن، هەڵکەوتەی شوێنەکەی، ڕوپێوی و دیاریکردنی مەرجەکانی، قۆرخکردنی ئەو هەلانەی بۆ بنیاتنانی بەنداو دەشێن، ئاوەدانکردنەوە بەپێی ماستەرپلانی گونجاو و پەلهاویشتنی شار و دروستکردنی خانوبەرە ی نوێ بەپێی مەرجی شارەوانی و پێوانەی زانستی و هەڵکەوتەی هەنوکەیی بێت.

دەرئەنجامی زۆربەی توێژینەوەکان، ئەوە دەسەلمێنن، کە بارانی بەلیزمە و کورتخایەن، لافاو، وشکەساڵی، باڕێزە و شەپۆلی باوبۆڕانی نائاسایی بریتین لە دیاردەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، ئەم دیاردانەش بەردەوام دەبن و زیانی زۆری لێ دەکەوێتەوە، بۆیە خۆئامادەکردن بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی ئەم کێشە ژینگەییانە پێویستی بە بەرنامە و تەکنەلۆژیا و کەسانی پسپۆر هەیە، ئەویش بە گۆڕینی شێوازی تەلارسازی و بیناسازی، ڕوپێوی ئەندازیاری، تەکنەلۆژیای نوێ، ئاوەڕۆ، بەنداو، ئاراستەی خانوبەرە، فەراهەمکردنی سەوزایی بۆ هەر ڕوبەرێک، جگە لە دابینکردنی گەنجینەی یارمەتیدان بۆ کارەساتە سروشتییەکان وەکو لافاو، بومەلەرزە و ئاگرکەوتنەوە و ڕەشەبا.
ڕوودانی لافاو دیاردەیەکی نوێ نییە و لە دێریندا جار جار ڕوویداوە و لە ئێستادا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا ڕوو دەدەن، هەر لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە ئوستورالیاداو لە ماوەیەکی کورتدا تا بڕی ٣٥٠ ملم باران باریوە، سێ ئەوەندەی بڕی ئاسایی خۆی، لە خوارووی تێکساسدا بەهۆی ئۆرکانێکی بەهێزەوە، باوبۆران و لافاوێکی زۆری لەگەڵ خۆیدا هێنا، هەمان ئۆرکان مەکسیکیشی گرتەوە. لە بەنگلادش و پاکستانیش هەر لە ساڵی ٢٠٢٠دا، لافاو خەڵکێکی زۆری ناچاری ئاوارە بوون کرد، لە وڵاتی چین لە حوزەیرانی هەمان ساڵدا، ڕاماڵینی زەوی بەهۆی لافاوە، زیاتر لە شەست هەزار کەس لەو ناوچانە گوێزرانەوە چەندەها کەس بوونە قوربانی، بێ ئەوەی لە ڕاگەیاندندا باس بکرێ، نیپال و مالیزیا و ڤێتنامیش لە زەرەر و زیانی ئەم کارەساتانە بێ بەش نەبوون، زۆربەی ئەم لافاوانە بەهۆی باڕیزە و ڕەشەبای بەهێزەوە بووە، نەک تەنها بەهۆی بارانەوە، تەنانەت لە یەمەن و نیجەریش ئاوی باران قەتیس بووە و بووەتە هۆی لافاو.

سەرەتای نیوەی دووەمی سەدەی ڕابوردوودا و لەگەڵ پێکهێنانی (مجلس الآعمار العراقي)دا، سەرەتای سەرهەڵدانێکی شارساتنی زۆر پێشکەوتوو هاتە کایەوە، کە عیڕاقی بەرەو قۆناغێکی زۆر جیاوازتر و ناوازەتر لە پێشوو تاودا، پلانی بنیاتنانی ژمارەیەکی زۆری لە پرۆژەی ئابووری، خزمەتگوزاری، پیشەسازی، پەروەردەیی، کشتوکاڵی و ئاوەدانکردنەوە، دانرا.

ئەم (مجلس الاعمار العراقی)یە لەسەردەمی پاشایەتیدا دانانی بەردی بناغەی بووژانەوەیەکی بنەڕەتی و بەردەوام بوو، کە دوای زیاتر لە حەفتا ساڵ، نەیتوانی هاوشێوەی ئەو تەوژمە سەرهەڵدانە، گورزێکیتر لەو تاودانە بهاوێژێت، بڕیاری دەستپێکی ئەم پرۆژانە لە نێوان ساڵانی ١٩٥٤- ١٩٥٧دا درا، ئەویش بە پشتیوانی داهاتی نەوتی ئەو کاتە بوو، کە لە ساڵی ١٩٥٣دا گەیشتە بڕی پەنجا ملیۆن دیناری عیراقی لە ساڵێکدا.

ئەو پرۆژە خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنەرانەی، کە هەندێکیان تا ئێستاش ئەم وڵاتە خزمەت دەکەن، بریتی بوون لە پرۆژەی بەنداوی سەرسار، بەنداوی ڕومادی،دەریاچەی حەبانیە، پرۆژەی بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، بنیاتنانی کۆمەڵێ پرد لە شارە گەورەکان، چەندەها کارگەی وەکو(چنین و ڕستن، شەکر، چیمەنتۆ، ویستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا، هێڵی ئاسنینی شەمەندەفەر، خانوبەرە و ئاوەدانکردنەوە و چەندەهایتر)، نەخۆشخانە و باڵەخانەی حکومی، ویستگەی ڕادیۆ و هەڵکەندی ئاوەڕۆ و چەندەها پرۆژەی پیشەسازی بۆ خۆراک وەکو کارگەی شیر و سپیایی و دواتر کێڵگەی پەلەوەر و گۆشت و بەرهەمەکانی.

ئەم پرۆژە ئابووریە گرنگانەی، کە بەشێکی کەممان ژماردووە، ئەو پرۆژانە بوون، کە دەتوانین بڵێین دەرئەنجامە ئەرێنییەکانی هەموو هاوڵاتییەکی دەگرتەوە، لە شارەوە بۆ لادێ و گوند، هەلی کاری زۆر و شێوازی ژیانی بەرەو ئاسانکاری گۆڕی، هەژاری کەمکردەوە، شارستانییەتی سەرلەنوێ هێنایە کایەوە و جووڵەی خستە بازاڕ و ئاڵوگۆڕی کاڵا و تەنانەت زانست و پەروەردەی بەوەر باشتر تاودا، وەکو بیناکردنی زانکۆ و خوێندنگا و ناوەندی فێرکردنی پیشەکان.

ئەو پرۆژانە بەر هەموو عیڕاق کەوتبوو، بە پێی تۆپۆگرافی و جیۆگرافی و هەڵکەوتەی شوێنەکان، نەك بەپێی نەتەوە و مەزهەب، یەکێک لەو پرۆژە گەورانە، پرۆژەی بەنداوی دوکان بوو، کە لە ساڵی ١٩٥٤دا دەست بە بنیاتکردنی کرا و لە ساڵی ١٩٥٩دا تەواو بوو، بەنداوی دەربەندیخانیش لە ساڵی ١٩٦١دا دەست کرا بە گلدانەوەی ئاو و بواری جێبەجێکردنەوە، تەنانەت بەنداوی بێخمەش لەسەر زێی گەورە، هەر لە نێو پرۆژەی (مجلس الاعمار العراقي)دا تۆمار کرابوو، بەرنامەی بنیاتنانی بەنداوێکی قەبەی لە خۆ گرتبوو، ئەگەر تەواو بکرایە دەیتوانی زۆربەی کێشە ئابووری، ژینگەیی، کشتوکاڵی و کۆمەڵایەتییەکانی باشووری کوردستانی پێ چارەسەر بکرێ، بەڵام فەرمانڕەواکانی ئەم سی ساڵەی دوایی، لەبنەوە هەڵیانتەکاند.

لێرەدا بۆیە باس لە پرۆژەکانی (مجلس الاعمارالعراقی)ی نیوەی سەدەی ڕوبوردوو و پێش حەفتا ساڵ زیاتر دەکرێ، لە کاتێکدا نە زانست و نە داهات وەکو ئێستا بوون لە هەمان کاتدا ئەو پرۆژانە گۆڕانێکی گەورە و ڕیشەیی لە سەرانسەری عیڕا قدا کردووە، بووژانەوەیەکی باشی لە میزۆپۆتامیادا خوڵقاندووە، کە تا ئێستاش عیڕاق و کوردستانیش لە دەرئەنجامە ئەرێنییەکانی ئەو بنیاتنان و سەرهەڵدانە سودمەندن، ئێستاش لەلایەکەوە عیڕاق وێرانە (بەدڵنیاییەوە هۆکار و پاشخانی خۆی هەیە)، لەلایەکیترەوە باشووری کوردستان لەگەڵ بوونی ئەو هەموو کەموکوڕیەی، چ لەبارەی قەیرانی ئاوەوە، چ لەبارەی گۆڕانی کەشوهەواوە، چ لە بارەی زۆربوونی دانیشتوانەوە (کە یەکێکە لە هۆکارەکانی کشانی شار و گەورەبوونی)، لەگەڵ ئەوەشدا، کێشەیەکی وەکو لافاوەکەی هەولێر لە دیسەمبەری ٢٠٢١دا، بەڵگەی خۆئامادەنەکردن و ناهەمواری پلانەکانی پێشترن، دەرهەق بەو کێشە و قەیرانانەی لە ئێستادا هەن، چونکە ئەو لافاوە لە ئەنجامی بارانێکی ئاساییەوە بووە، نەک لە ئەنجامی شەپۆلی ئۆڕکانێک، یا بارانێکی بەردەوامی چەند ڕۆژە، کە بە هێزی باو باڕێزەوە هەڵدەکات، واتە داڕیژانی ماستەرپلانی شارەکان بە دەستی شارەزا و پسپۆری تایبەت نییە، لە دەستیشی بێت، هێزی داڕێژانی ئەو پلانانەی نییە، کە لە وێزەی ئەم گۆڕانکارییە نوێیە بێت.

ئێمەش کاتێ پێشهاتەکان ورد دەکەینەوە و ڕەخنەکان لە چوارچێوەیەکی زانستیدا ئاراستە دەکەین، نە دوژمنی خاک و نیشتیمانین، نە خۆشحاڵ دەبین بە وێران بوونی، گومانکردن لە کار و کارنامە، دەبێ شێوازی کارنامە بگۆڕێت و زانست تیایدا ببێتە سەرپشک، ئەگەر نا، ڕێسی هەموو ماندوبوونێک دەبێتەوە بە خوری، بەتایبەتی لە بواری پاراستنی ژینگە و ئاسایشی نەتەوەییدا.

الصفحة 8 من 47

مقالات

Default Image

المستقبل للدول غير المتقاعسة مناخياً

المصادقة على اتفاقية باريس حول تغيّر المناخ تؤشّر إلى عصر جديد، تحكمه قواعد مختلفة عما كان سائداً من قبل. قبل مؤتمر باريس العام الماضي، كان البعض يراهن على أن الاتفاق لن يحصل، والنتيجة كانت توقيع مئتي دولة، بما فيها الملوثان الأكبران الولايات المتحدة والصين.…

دستور اقليم كردستان باللغة الكردية

الإعلان العالمي لحقوق الإنسان

دستور اقليم كردستان باللغة العربية

Go to top