ئامارێکی مەترسیداری بەبیابانبونی خاکی عێراق ئاشکرادەبێت

فازیڵ غەڕاوی سەرۆکی ناوەندی مافەکانی مرۆڤ لەعێراق ڕایگەیاند، عێڕاق ساڵانە 100 هەزار دۆنم زەوی بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواو بەبیابانبون‌و وشکەساڵییەوە لەدەستدەدات، دەشڵێت:”ئێستا تەنها لەسەدا 2ی ڕوبەری عێراق دارستانە”.

غەڕڕاوی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا وتویەتی، “ڕوبەری زەوییە بیابانییەکان لەعێراق نزیکەی 27 ملیۆن دۆنمە کە یەکسانە بەنزیکەی لەسەدا 15ی ڕوبەری وڵاتەکە، لەکاتێکدا نزیکەی لەسەدا 55ی ڕوبەری عێراق بەزەوییەک دادەنرێت کە مەترسیی بیابانبونیان لەسەرە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ڕوبەری بەڕوەک داپۆشراو لەعێراق لە 50% بۆ 17% دابەزیوە”.

هەروەک دەشڵێت:”به‌گوێره‌ى خەمڵاندنەکانی ڕێکخراوی خۆراک‌و کشتوکاڵی نەتەوەیەکگرتوەکان، ئێستا ڕوبەری دارستانەکانی عێراق تەنها 8250 کیلۆمەتر چوارگۆشە پێکدەهێنن، کە دەکاتە 2%ی کۆی ڕوبەری وڵاتەکە”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، کەشوهەوای توند، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، شەپۆلی خۆڵبارین‌و کەمی بارانبارین‌و گەرمبونی جیهان ڕۆڵی هەبوە لەکەمبونەوەی ڕوپۆشی ڕوەک لەعێراق.

ڕونیشیکردوه‌تەوە، نەبونی ڕوپۆشی ڕوەکیی بوەتە هۆی بەرزبونەوەی ڕێژەی پیسبون‌و کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ‌و هەڕەشەی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی خۆراک.

غەڕڕاوی بۆ قەرەبوکردنەوەی کەمی روپۆشی ڕوەکیی، داوای لەحکومەت‌و سەرجەم پارێزگارەکان‌و دامودەزگا حکومییەکان‌و هاوڵاتیان کردوە کە لەماوەی 10 ساڵی داهاتودا دەست بەهەڵمەتێک بکەن بۆ چاندنی 15 ملیار نەمام لەو جۆرانەی بەرگەی بارودۆخی کەشوهەوای سەخت دەگرن‌و تەمەنیان درێژە.

سەرچاوە / شارپرێس

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *