گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا هەڕەشە لەئاسایشی خۆراکی جیهانیی دەکات

ئاژانسی مۆنتیکارلۆی فەرەنسیی لەڕاپۆرتێکدا تیشکیخستوه‌تەسەر کاریگەرییە مەترسیدارەکانی قەتیسبونی گەرمیی لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵیی لەجیهاندا، بەشێوەیەک پێدەچێت گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ڕۆڵێکی گەورە بگێڕێت لەکاریگەری لەسەر کشتوکاڵ لەسەرتاسەری جیهاندا، هەروەک لەدۆخی ئێستای دەریای ناوەڕاست‌و وڵاتانی دیکەدا دەردەکەوێت.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت، “لەوڵاتانی دەریای ناوەڕاست، ئیسپانیا کە یەکێکە لەگەورەترین هەناردەکارانی زەیتی زەیتون لەجیهاندا، ڕوبەڕوی دابەزینی بەرچاوی بەرهەمهێنانی زەیت دەبێتەوە”.

پێشبینیدەکرێت، بەرهەمهێنان بۆ نزیکەی 50%ی ئاستی پێشوی لەئەنجامی کاریگەرییەکانی گەرمبونی جیهان دابەزێت، هەروەک فەرەنساو ئیتاڵیا بەهەمان هۆکار، بەرهەمهێنانی گەنم‌و زەیتی زەیتونیان دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.

سەبارەت بەبەرازیلیش کە گەورەترین هەناردەکاری شەکرە لەجیهاندا، ئاگرکەوتنەوەیەکی بەربڵاو لەکێڵگەکانی قامیشی شەکر بوەتە هۆی بەرزبونەوەی بەرچاوی نرخی شەکر، پێشبینیشدەکرێت نرخەکان بۆ ئاستێکی پێوانەیی نوێ بەرزببنەوە ئەگەر ئاگرەکە بۆ ماوەیەکی درێژتر بەردەوامبێت .

لەڤێتنام کە گەورەترین هەناردەکاری قاوەی ڕۆبوستایە، وشکەساڵیی وایکردوە، بەرهەمهێنانی ئەمجۆرە قاوەیە بۆ نیوە کەمببێتەوە، لەکاتێکدا خواست لەسەر ڕۆبوستا کە لەگەڵ قاوەی ئەرابیکا بەکاردێت، زیادبونی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت، بەتایبەتی لەپیشەسازیی قاوەی خێرادا.

لەگەڵ زیادبونی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر بەروبومەکان، بەشێک لەشارەزایان ئاماژە بەسەرهەڵدانی ناوچەی کشتوکاڵی نوێدەکەن لەباکوری سارد بەهۆی توانەوەی بەفر، ئەمەش ڕەنگە بەشێک لەو فشارانە کەمبکاتەوە کە ناوچە کشتوکاڵییە تەقلیدییەکان بەدەستیەوە دەناڵێنن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *