لە ساڵی 1972وەوە تا ئێستا هەموو ساڵێک سەرتاسەری جیهان لە 5 ی حوزەیراندا بە بۆنەی رۆژی جیهانیی ژینگەوە ئاهەنگ دەگێڕێ. نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یادی ئەمساڵ دروشمی ” دارستانەکان… سرووشت لە خزمەتی تۆدا ” ی هەڵبژاردووە. یادی ئەمساڵ لە زۆربەی وڵاتانی جیهان لەسەر ئاستی فەرمی و گشتی بایەخی تایبەتی پێدەدرێت و هەر بەو بۆنەیەوە چالاکی جۆراوجۆر دەکرێت. لەو رێیەوە هانی کاکردن لە پێناو چاککردن و پاراستنی ژینگەدا دەدرێت. هەروەها وڵاتان و رێکخراوە مەدەنیەکان لەم رۆژەدا بڕیاو پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان رادەگەینن و قبوڵی دەکەن. لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گرانایی خستۆتە سەر بایەخدان بە ژینگە، لەم ساڵیشدا بە پێویست زانراوە کە لە هەموو وڵاتێکدا چالاکی بۆ هاندانی ژینگەپارێزی و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی لە هەموو ئاستێکدا بەڕیوەبچێت، بە تایبەتیش لە بواری دارستان و سرووشتدا، ئەویش لەڕێی بەڕیخستنی هەڵمەتی خۆبەخشانە بۆ رواندنی درەخت و پاراستی ئەوانەی کە هەن.
ئێمە لە ” رێکخراوی سەوزی ئەوروپی ـ کوردستانی ” کە لەلایەن کۆمەڵیک چالاکوانی بواری ژینگەو مافی مرۆڤ و رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە لە ئورۆپا وە لە کوردستان داوا دەکەین کە عیراق و کوردستان وە کو هەمو ولاتانی ئەوروپا یادی رۆژی ژینگە بکرێتەوە. هەروەها داوا دەکەین کە لایەنە حکومی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ووزەو توانا بخەنە گەڕ بۆ بەرپاکردنی هەڵمەتێکی فراوان بۆ پاراستنی دارستانەکان و سرووشت، بە تایبەتیش پاراستنیان لە مرۆڤ کە هۆکاری سووتان و بڕینەوەی هەڕەمەکی و زیادەرۆیین لەو بوارەدا. داوا لە پەرلەمانی عێراق و کوردستان ئەکەین کە یاسای پتەو دژی بڕینەوەی درەخت داڕێژن و توندبن لەدژی ئەوەی کە زەویوزاری کشتوکاڵی و لەوەڕگا سرووشتیەکان بکرێنە شوێنی نیشتەجێبوون، مەگەر لە حاڵەتی زۆر تایبەتیدا و لەبەر بەرژوەندی گشتی نەبێت. هەرواەها سنوورێک بۆ ئەو کەسانە دابنرێت کە گردۆڵکەو ناوچەکانی دەوروبەری شارەکانیان داگیرکردووەو کۆشک و باڵەخانە درووست دەکەن و یاری بە سروشت دەکەن و ژینگە کاول دەکەن، ئەمەش لەڕێی کاراکردنی یاساکانی پاراستنی ژینگەو بەجدی سزادانی سەرپێچیکەران. داوا لە وەزاراتی ژینگە لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەین کە بەرپرسیارێتی خۆی لەئەستو بگرێ و ئەو بەرنامەو پڕۆژانەی کە خزمەتی ژینگەو سرووشت دەکەن و دەیانپارێزن لە هەموو عێراقدا بەڕێوەبەرێت. داوا لە پەرلەمان و حکومەتی کوردستانیش ئەکەین کە سەرلەنوێ ” وەزارەتی ژینگە ” بخەنەوە ناو پێکهاتەی حکومەت و وەک وەزارەتێکی پڕ بایەخ بێتە ئەژمار، هەر وەک چۆن لەهەموو وڵاتە پێشکەوتووەکاندا دەکرێت ، و پێش ئێمە کەوتوون لە هەستکردن بە مەترسیەکانی ژینگە و کاریگەریی ئەو لەسەر سەرجەم ژیانمان.
رێکخراوی سەوزی ئەوروپی ـ کوردستانی
6/4/2011