ڤیــــاگرا و Ai

عمر خطاط

ڤیــــاگرا حەبی لاوازی ڕەپبوونی کێرە و ژیری دەسکردیش حەبی لاوازی فیکر و تەمەڵی بیرکردنەوە. ڕەنگە لێکچوانەکەم کەمێك سوریالیانە بێت، بەڵام ئەگەر باش بیری لێبکەیتــەوە، دەبینیت لێکچونێکی بەرچاو هەیە لە نێوان چارەسەری فیزیۆلۆژی و بەرهەمهێــنانی مەعریفە لەم ســاتەوەختەدا.

ڤیاگرا توانایی هەیە ئەو پەیوەندیــیە درۆیــینەی نێوان فۆرم و جەوهەر پیــنە بکات. دەتوانێت مشتێك خوێــن لە دەمارەکان بە قەرز وەرگرێت و بیبەخشێتە ناوگەڵ تا بۆ ســاتێك نمایشــی قودرەت ببەخشــێتە فۆرم (لاوازی ڕەپبوون)، بەبێ ئەوەی توانای هەبێت ڕیشەی جەوهەر (جەســتەیی، یان سایکۆلۆژی یانیش کۆمەڵایەتی) چارەسەر بکات. ژیری دەسکردیش هەمــان کار دەکات. ژیری دەسکرد ناتوانێت فیکر بەرهەم بهێنێــت، بەڵام دەتوانێت تێکســتێكت بۆ بەرهەم بهێنێت کە گەڵاکانی سەوز و سەرنجڕاکێشن، بەڵام ڕەگەکەی وشکە. تێکستێك لە ڕووکەشدا تۆکمەیە، بەڵام لاوازی مەنهەج و هەژاری خوێــندنەوە و نەبوونی پراکتیــکی ڕەخنەگرانە دەشارێتەوە.

هەردووکیــان، هەم ڤیاگرا و هەم Ai، دەتوانن لە ڕووکەشــدا دژابەرییەکە پیــنە بکەن، بەڵام چارەسەرە ڕیشەییەکە دوادەخەن، یەکەمیان عەیبی ئۆرگانی یان دەروونی دەشــارێتەوە و دووەمیـــان مەنهەجی ڕەخنەگرانە و پراکتیکی ماددی. یەکەمیــان ڕەپبوونی دروستکراو دەکاتە جێگرەوەی چێژی زیــندوو و دووەمیشیـــان تێکســتی ماشــێنی دەکاتە جێگرەوەی تەجروبەی مرۆیی و مێژوویی. لەم ســیاقەدا نووســین دەبێــتە کاڵایەکی زمانەوانی دووبارەوەبوو نەك پرۆسەیەکی ماتریالیستانە و کۆمەڵایەتی کە ململانێی نێوان خود لەگەڵ واقیع تێــیدا تێکەڵ دەبن.

ئەم گۆڕانکارییە لە بەرهەمهێنانی ئۆرگانیکی بیرکردنەوە بۆ نەوەی ئۆتۆماتیکی دەق، ئەو نامۆبوونە بەرهەم دەهێنێتەوە کە مارکس لە کۆنسێپتی “کار”ی سەرمایەداریدا شیکاریی بۆ کردووە، بەڵام ئەمجارە لەسەر ئاستی “فیکر”دا. ئەو کەسەی کە ئەرکی نووســین دەداتە دەست ئامێرێك، بە کردەوە لە هەوڵی وەدەستهێنانی مەعریفە دادەبڕیت، هەوڵی وەدەستهێنانی مەعریفە ئەو هەوڵەیە کە هوشــیاری ڕەخنەگرانە لە قاڵب دەدات و تێگەیشــتن لە دژایەتیــیەکان قوڵتر دەکاتەوە. بەم شـــێوەیە “دەق” لە پراکتیکی مرۆیی- مێژووییەوە دەگۆڕێت بۆ کاڵایەکی مەعریفی، کە بە شێوەیەکی بێ سنوور دووبارە دەکرێتەوە و ملکەچی لۆژیکی بەهای ئاڵوگۆڕ دەبێت. ئەم پرۆسەیە نامۆبوونێکی سێ ڕەهەندیی بەرهەم دەهێنێ؛ نامۆبوون لە بەرهەم (دەقی نامۆ)، نامۆبوون لە پرۆسەی بەرهەمهێنان (هەوڵدانی فیکریی) و نامۆبوون لە خود، کە پەیوەندی ئۆرگانیکی خۆی بە واقیعەوە لەدەست دەدات و دەبێتە بەکاربەرێکی پاسیڤی بەرهەمە دووبارەبووەکان.

نووســین، هەم زانســـتە، هەم تێگەیشــتنە، هەم گەڕان و شەونخونیــیە، هەم خوێندنەوەیە و هەم خەیاڵ و بەرپرسیارەتییە و هەمیش پرۆسەیەکی ئاڵۆز و دیالەکتیــکی و شۆڕشگێڕانەیە. نووسین کارامەییــەکی تەکنیکی نیــیە تا بتوانرێت ئۆتۆماتیکی بکرێت، بەڵکو پراکتیکێکی کۆمەڵایەتی-ماددییە کە لە ڕێگەی پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ واقیع و گفتوگۆی بەکۆمەڵ و خەبات بۆ ئاشکراکردنی میکانیزمەکانی هەژموون و دووبارە داڕشتنەوەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لە قاڵب دەدرێت. نووســینەکانی ژیری دەسکرد، نەك ئەم پەیوەندییە فەهم ناکات بەڵکو پەیوەندییەکانی نێوان تیۆر و پراکتیك دەپســێنێت و فیکر دەگۆڕێت بۆ بەکاربەرێکی پاسیڤی ئەو بەرهەمانەی کە بە پێی لۆژیــکی تەکنیکی دیجیتاڵ بەرهەم دێن نەك لۆژیکــی ڕەخنە.

ڕەپبوونی فیکر لە ڕێگەی ڤیاگرای دیجیتاڵیەوە بەرهەم نایەت، فیکر پرۆسەیەکی پراکتیکـــییە، ماندووبوونە، جۆرێك خەباتە، بەســتنەوەی وشــەیە بە واقیعەوە، مەنهەج بە ململانێــیەوە و نووســـین بە گۆڕینی دنیـــاوە بۆ دنیــایەکی مرۆیــیانەتر، ئازادتر. نووســـین ئاکتێکی شۆڕشگێڕانەیە، نەك ڕەپبوونێکی وەهمی.


ئۆسلۆ

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *