دەسەڵاتی سیاسی لە هەر شوێنێکی جیهاندا بێت، بە پێی ئاست و ڕادە و پێگەی دەسەڵاتە ئابووریەکەیەوە پەیڕەو دەکرێ، واتە ئابووری دەسەڵات ئاراستە دەکات، هەر زوو ئێمە لە نووسینەکانی پێشتردا ڕاستی ئەم پیناسەیەمان بە پێی بەڵگە و بۆچوونی شارەزایان سەلماندووە.

ئەگەر تیشکێکی چڕ بخەینە سەر گەشەی ئەمڕۆی جیهان، تێهەڵکێشێك لە گۆڕان و ڕیزبەندێك لە جیاوازی جێگۆڕکێ دەبینین، کە بەرزبوونەوەی پایەی ئابووری ڕیزبەندی پایەی دەسەڵات دەگۆڕێت، لە ساڵی هەشتاکاندا گروپی Newly Industrialized Countries (NIC) هاتە کایەوە، کە بریتی بوون لە وڵاتانی سەنغافورە و کۆریای باشور و هۆنگ کۆنگ و تایوان، بۆ ئەو کاتە جوڵە و گەشەی بەرچاویان هەبوو، واتە ئەو وڵاتانەی چەمکی بەرهەمهێنان و پێشەسازی و پڕکردنەوەی پێداویستی خۆیان و هەناردەی بەرهەمیان بۆ دەرەوە پەرەی دەسەند و وەکو نیشانەی بەرەو پێشکەوتن دەردەکەوتن.

دەتوانین پێناسەی وڵاتە بووژاوەکان بەوە بکەین کە گەشەی ئابووری نێوخۆیان لە ئاستێکی بەرزە و خاوەن دامەزراوە و بەرهەمی بازاڕی ناوخۆیی باشن و خاوەن جڵەوی ئاسایشی ناوخۆن و هیچ گرفت و پێکدادانی نێوخۆیی لە نێوان گروپ و ئیتن و ئاینی جیاواز و شەڕی نێوخۆیان نیە و ئاسایشی نێوخۆیان جێگیرە، بۆ نمونە وڵاتانیBRIC ( بەڕازیل و ڕوسیا و هندستان و چین ) ئەم وڵاتانە نزیکەی ٢٥% ی ڕوبەری جیهان پێك دێنن و ٤٢% ی دانیشتوانی جیهان و ١٥% ی بەرهەمی نێوخۆی هەموو جیهان دەگەرێتەوە.

ئەم چوار وڵاتە بە پشتیوانی گەشەی ئابووری خۆیان و بە بەرجەستەکردنی دەسەڵاتی ئابووری لە دەسەڵاتی سیاسیدا، دەیانەوێ کاریگەریان لەسەر دەسەڵاتی سیاسی دونیادا هەبێ و دەسەڵاتیان بسەپێنن، ئەمەش چەمکێکی سەیر نیە بەڵکو ئاساییە، چونکە هەر لەو وڵاتانەی خۆیان بە دەسەڵاتی سیاسی و زەبری ئابووری بارودۆخی نێوخۆیی خۆیان ڕاگرتووە، ئەم وڵاتانە هەندێکیان خاوەن وزەی ئەتۆمین، یا خاوەن سامانی وزەیەکی زۆری سروشتین، یا خاوەنی ژمارەیەکی زۆری دانیشتوان، یا ئەندامی هەمیشەییە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، واتە کۆمەڵێ دەوڵەتی خاوەن دەسەڵاتی ئابوورین و پێکەوە دەتوانن گۆڕان لە هەیکەلی ئابووری جیهاندا بکەن .

کۆمەڵێ دەوڵەتی بووژاوەی دیکە، بە پێی توانای بەرهەمهێنان و کڕین و فرۆشتن و گەشەی ناوخۆ و ژمارەی دانیشتوان و هەناردەکردن و وەرگرتنی سیمای پیشەسازی و ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتیەوە وبوونی لێکچوونێك لەگەڵ وڵاتە پیشەسازیەکان، لە ساڵی ٢٠١٠ دا بانکی بەڕیتانی- چینی ئەو وڵاتانەی دەستنیشان کرد کە پاشکۆی وڵاتە پیشەسازیەکانن و کورتکراوەکەی بریتی بوو لە CIVETS ( کۆلۆمبیا و ئیندۆنیزیا و ڤێتنام و میسر و تورکیا و باشوری ئەفریقا ) بوون[[1]]

لە توێژینەوەیەکی زۆر چڕی سەنتەری بەدواداچوونی ئابووری لە ئەڵمانیا، هەردوو چەمکی BRIC و CIVETS ی ڕەتکردەوە و چەمکی E7 ی هێنایەکایەوە وبە واتای ( حەوت وڵاتە بووژاوەکان) کە بریتی بوون لە بەڕازیل و ڕوسیا و هیندستان و چین و مەکسیك و ئیندۆنیزیا و تورکیا[[2]]، ئابووری ئەم وڵاتانە ئەوەندە بە پەلە و خێرا گەشە دەکات، کە لەوانەیە G7 تێپەڕێنێت، بۆ نمونە چین لە ٢٠١٠ دا دووەم وڵاتی ئابووری بوو پاش ئەمریکا، چاوەڕوان دەکرێت لە ٢٠٢٥ ببێتە یەکەم وڵاتی بازرگانی و ئابووری لە جیهاندا.



گەشە و پێشکەوتنی وڵاتە بووژاوەکان ڕەنگدانەوەی زۆری لەسەر پەیوەندی و ڕایەڵی ئابووری و دیبلۆماسی دروست کرد و لە قەیرانی ئابووری ساڵی ٢٠٠٨ دا جیهان گەیشتە ئەو بڕوایەی بەبێ گەشەی ئابووری وڵاتە بووژاوەکان ناتوانرێ ئەم قەیرانە سارێژ و ئەهوەن بکرێتەوە، ئەوە بوو لە ساڵی ٢٠٠٩ لە کاتی لوتکەی ئابووری لە پیترسبورگ، وڵاتانی لوتکەی ئابووری G20 پێکهێنرا و هەندێ لە وڵاتە بوژاوەکانی گرتەوە، ئەم بیست دەوڵەتە پێکەوە ٩٠% ی دەسەڵاتی ئابووری جیهان و ٨٠% ی بازرگای جیهان و ٦٥% ی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن، هیچ جوڵەیەك لە جیهاندا ناکرێ، ئەگەر پێشتر بڕیاری ئەم دەوڵەتانەی لەسەر نەدرابێ.

لەم دابەشکردن و پۆلینکردنەی وڵاتاندا، لەم پێشڕەویەی دەسەڵاتی ئابووریەدا، ئەوەی گرنگە ڕۆڵی ئەو بەرهەمهێنانەیە چ لە پیسکردنی ژینگە و چ لە تاڵانکردنی سامانی سروشتی و چ لە زیادکردنی گازی زیانبەخش و قەتیسبوونی گەرمی خۆر و گەرمبوونی ئەتمۆسفێری گۆی زەوی و گۆڕانی کەش و زیانەکانی بۆ سەر هەموو بوونەوەر و بوون بە گشتی.

لە ڕێکەوتنی کۆیۆتۆی ساڵی ١٩٩٧ ی کۆنفرانسی کەشوهەوا لە ژاپۆن، وڵاتانی دونیا بە پێی جوگرافیای ئابووریەکەی دابەشی دوو گروپ کرا، وڵاتە پیشەسازیەکان، کە زۆربەی وڵاتانی ئەندامنن لە OECD ڕێکخراوی هاوکاری ئابوری و گەشەپێدانن، و گروپی وڵاتە بوژاوەکان کە بۆ بوژانەوەیان پێویستیان بە وەبەرهەمهێنان و وزە و دەرامەتی سروشتی هەیە، جا ئەو بووژانەوەیە تا چەند کاریگەری لەسەر تێکدانی ژینگە و هاوسەنگیەکەی هەیە، تا چەند کاریگەری لەسەر قەتیسبوونی گەرما هەیە و هەوا و ئاو و خاك پیس دەکات، هەمووی ڕەنگدانەوەی لەسەر گەرمبوونەوەی ئەتمۆسفێری گۆی زەوی هەیە، بۆیە لەو کۆنفڕانسەدا جەخت لەسەر کەمکردنەوەی ئەو گازە زیانبەخشانە کرا کە گەرمی خۆر هەڵدەمژن و ڕێگری گەڕانەوەی دەکەن[[3]]

لە کۆنفڕانسی دی ڕیۆ دیجانیڕۆ ساڵی ١٩٩٢ بە ناوی ( لوتکەی زەوی )، توانرا چوارچێوەیەك بۆ کار و کاردانەوەی بەرهەمهێنان و سنوورێك بۆ چالاکی ئابووری دەستنیشان بکرێت، هەر لەو کۆنفڕانسەدا هەوڵ درا ڕێوشوێنێ بۆ پاراستنی ژینگە و زیندەوەر و ڕوەک و سەرنشینی سەر زەوی دیاری بکرێت، بۆیە وڵاتەکان لە ڕوانگەی سێ پێگە و سەنگەوە دابەشکرا، لە ڕوانگەی پرنسیبی پاراستن و ڕەچاوکردنەوە و لە ڕوانگەی هەست بە لێپرسراویەوە و لە ڕوانگەی قۆزتنەوەی هەل بۆ گەشەکردن. بۆیە پاراستنی ژینگە بە کۆڵەکەی کاری ئەو کۆنفڕانسە ئەژمار کرا.

بوونی نزیکەی هەشت ملیار کەس لەسەر پشتی گۆی زەوی لە ساڵی ٢٠٣٠ دا، بە پێی پێشبینی شارەزاکان، هۆکاری ئاشکرای پێداویستی و بەکارهێنانی وزەیەکی زیاترە لە جیهاندا لە چاو ئێستادا، ئەمەش زیاتر لە وڵاتە بووژاوەکاندا ( الدول النامیة ) هەست پێدەکرێت، ڕێژەی پێداویستی وزە بەتایبەت ( غاز و نەوت ) لە کۆتایی نیوەی ئەم سەدەیە لە چاو ئێستادا ٥٠% زیاتر دەبێ، و هەر بە پێی توێژینەوە و پێشبینی شارەزایان یەك لەسەر سێی ٣/١ ی ئەو پێداویستیە بۆ وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت لە وزەی عیڕاق و ئێران دابین دەکرێت، ئەم دابینکردنە بێ گومان ستراتیژ و پلان و بۆچوون و ئەگەری زۆری ڕایەڵ بە یەکتر کردووە، وڵاتە سەرمایەدارەکان، یا ئەوانەی ئێستا لە ڕیزبەندی سەرەوەن، جیگۆڕکێ دەکەن و ئێستا ئەمریکا لەوپەڕی دڵەڕاوکێ و نائارامیدایە بەهۆی گەشەی خێرای وڵاتی چینەوە، ، بۆیە شەڕی ئەمڕۆ ترسی وڵاتە سەرمایەدارەکانە لە پەرەسەندن و گەشەسەندنی وڵاتە بووژاوەکان، بەتایبەت چین و هیندستان.

بۆ دڵنیابوونی پەڕینەوەی ئەو وزەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو بەکاربردنی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەو ناوچەیە پێویستی بە گۆڕانی جیۆپۆلیتیکی هەیە، چ بە کەمکردنەوەی هەیمەنەی ڕوسیا و چ بە ڕێخۆشکردنی ترانزێت و پەڕینەوەی ئەو وزەیە، چ بە لەسەرخۆ کپکرنی ڕۆڵی شوێنی ستراتیژی تورکیا بۆ ڕۆژئاوا و بنیاتنانی ئەڵتەرناتیڤێك ( کە ئەگەری زۆرە ڕۆژئاوای کوردستان بێت )، چ بە کۆنتڕۆڵکردنی تەنگەی دەریاکان بەتایبەتی ( تەنگەی هورمز و مەلەکە )، بۆیە لە داهاتوودا شەڕ دەبێتە شەڕی ئابووری یا باشتر بڵێین شەڕی سامانی سروشتی، ( ئەگەر چی بۆ ئێستا و زیاتر لە شەش ساڵە شەڕی بازاڕی غازی قەتەر و ئێران سوریای گرتووەتەوە)

زۆر جار تەنها وزە وەکو چەقی ناکۆکیەکان دەبینرێ، بێ ئەوەی ئاوڕ لە شەڕی ئاو بدەینەوە، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە کەمترین ڕێژەی ئاوی شیرینی تیادایە، و قۆرخکردنی ئاویش بەمانای دەسەڵات دێت، هەروەکو ئەو سیاسەتی ئاوەی تورکیا پەیڕەوی دەکات، بە گلدانەوەی ئاوی ڕوباری دیجلە و فورات و دروستکردنی ٢٢ بەنداو و ١٩ پرۆژەی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، تورکیا دەیویست بە دەسەڵاتی ئاو هەژموونی دەسەڵاتی خۆی لەسەر ناوچەکەدا زاڵ بکات، بەڵام ئێستا غازی سروشتی هەژموونی خۆی زاڵ کرد و وا شەش ساڵە شەڕی سوریا دەگێڕێ.

وڵاتە بووژاوەکان ڕۆڵی گرنگ دەبینن چ لە جێگۆڕکێی ڕیزبەندی وڵاتانی جیهان و چ لە بڕیارە سیاسیە نێودەوڵەتیەکان، وڵاتە بووژاوەکان بەوە پێناسە دەکرێن کە ئەو وڵاتانەن کە ژمارەی دانیشتوانیان زۆرە و گەشەی ناوخۆیان زیندووە و هیچ شەڕی ڕەگەزپەرستی یا ناوخۆیی تیادا نیە و ئاسایشی پارێزراوە بۆ نمونە بەڕازیل و هیندستان و ڕوسیا و چین و خوارووی ئەفریقا و ئیندۆنیزیا، ئەم وڵاتانە ڕێژەی گەشەی ئابووریان لە چاو وڵاتە پیشەسازیەکان زۆر زیاترە و گەشەی سامانی مرۆییان بەرزە، بەوەی ڕێژەی دەستی کاری گەنجی زۆرە.

گەشەی بەردەوامی ئەم وڵاتە بووژاوە تازانە، لەوانەیە لیستی ئێستای ڕیزبەندی وڵاتە پیشەسازیە زلهێزەکان لەق بکات بۆ نمونە لە بانکی نێودەوڵەتی، وڵاتانی E7 کە وڵاتانی ( بەڕازیل و ڕوسیا و چین و هیندستان و ئیندونیزیا و مەکسیك و تورکیا ) دەگرێتەوە، وزە بڕبڕەی پشتی ڕێژەی گەشەی زۆر و بەردەوامی ئەم وڵاتانەیە، بۆیە شارەزایان دڵنیان لە زیادبوونی پێداویستی جیهان بۆ وزە و بەرزبوونەوەی ئاستی بەکارهێنانی لە داهاتوودا، واتە هەرچەندە وزەی دوبارە بەرهەمبهێنرێت ناتوانێ ببێتە سوتەمەنی بۆ ئەو گەشە قەبەیەی لەو وڵاتانەدا پەرەدەسێنێ.

لێرەدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی ئەو توینوو بوونەی وڵاتە بووژاوەکان بۆ وزە و سامانی سروشتی، و ترسی وڵاتە پیشەسازیەکان بۆ لەدەستدانی هەیمنە و دەسەڵاتیان لە جیهاندا، بەمانای سەپاندنی دەسەڵاتی ئابووریە لە سەر بڕیارە سیاسیەکان، مانای بوونی شەڕە لەسەر سامانی سروشتی و مانای بوونی ڕۆڵی وزە و زیادبوونی ڕۆڵی وزەیە لە ئاستی دابینکردنی دەسەڵاتدا بەسەر بەڕێوەبردنی تاکڕەوی جیهاندا، هەر کاتێ دەسەڵاتی ئابووری باڵادەست بوو، دەسەڵاتی سیاسی باڵادەست دەبێ، ئەمەش مانای پەیڕەونەکردنی دیموکراتی و گەشەی نادادپەروەری کۆمەڵایەتیە لە زۆربەی ئەو وڵاتانەدا.

وڵاتە بووژاوەکان، لەبەر بەرزی ئاستی بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕ و پەرە و گەشەی ئابووری و بازرگانی دەرەوەیان، داواکاری ئەوەن کە گلۆبال لە بانکی نێونەتەوەیی و صندوقی دراوی نێونەتەوەییدا، لە دابەشکردنی بەش و ڕێژەی دەنگدانا، بە بەرنامەکانیاندا بچنەوە و سەرلەنوێ دایبڕێژنەوە، بەوەی کە ئەوان ئێستا لەچاو جاران باڵادەست و خاوەن هێزی ئابووری زۆرترن

بوونی ئاسایش مەرجی سەرەکی پیشەسازی و وەبەرهەمهێنان و دەرهێانی وزەیە ، لەبەر ئەوەی کۆمپانیا گەورەکانی دەرهێنانی نەوت، لە شوێنێکدا کار ناکەن کە ئاسایشی تێدا جێگیر نەبێ و ئارامی باڵی نەکێشابێتە سەر ناوچەکە، نمونەی ئەو شوێنانە زۆرن کە کۆمپانیاکان هەر بەو هۆکارەوە، دەستیان لە کار کێشاوەتەوە و کۆمپانیاکەیان گوێزاوەتەوە، بەڵام بۆچی نائارامی و ناڕەزایی ئەو ناوچە و چاڵە نەوت و غازانە دەگرێتەوە؟

ئەو وڵاتە بوژاوانەی خاوەنی بڕی زۆری داهاتی وزەن وەکو ڕوسیا و چین و فەنزویللا و ئەو وڵاتانەی وا بەرەو بوونە وڵاتی بوژاوە دەچن وەکو نیجیریا و کۆنگۆ و یا ئەو وڵاتانەی هیچ نەبێ خاوەنی بڕێکی باشی وزەن وەکو کازاخستان و تورکمینستان و جەزائیر، هەموو ئەم وڵاتانە خاوەنی سیاسەتێکی ئەوتۆریتێت و زۆرداری و نادیموکراتین، دانیشتوانیان زۆربەی لەژێر هێڵی هەژاریەوەن، چینی دەسەڵات سامانی وڵات قۆرخ دەکەن و بانکەکانی جیهان لە قوتی خەڵك پڕ دەکەن و لە کۆتاییش خۆیان بە چەپڵەی دەست ڕادەماڵڕێن، وڵاتانی ڕۆژئاواش تا بتوانن بێدەنگ و بێ کاردانەوە بەرامبەر ڕەفتاری ئەو وڵاتانە دەوەستن لەبەر ئەوەی پێویستیان بە بەکاربردنی وزەکەیانە، چەند ئەوان پێویستیان بە وزە بێ، ڕژێمەکانی خاوەن وزە زەبروزەنگیان زیاتر و قوتی خەڵك زیاتر داگیردەکەن و چەند نرخی بازاڕی وزە بەرزبێتەوە، توندوتیژی و دەمکوتکردنی جەماوەر هاوتەریب زیاتر دەبێت، لە ڕیزبەندی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی Transparency International وڵاتە بەرهەمهێنەرەکانی وزە هەمیشە لە ڕیزی کۆتایین، زۆربەی زۆریان لە گەندەڵیدا تێگلاون و ئەوپەڕی ناوبانگی ناهەمواری و ناپاکیان تۆمارکردووە، هەموو ئەو وڵاتانە لە ژمارەی ١٧٦ ولاتدا دەکەونە ڕیزبەندی پاش سەدەمین وڵاتەوە وەکو جەزائیر و مەکسیك و ئێران و عیڕاق و کۆنگۆ و نیجیریا و کازاخستان و ڕوسیا و تورکمینستان.

ئەمریکا هەر بەتەنها بۆ بواری بەرهەمهێنان بەکاربەری چارەکی وزەی هەموو جیهانە، بۆیە بۆ گوازتنەوەی ئەو وزەیەی پێویستی بە دابینکردنی دڵنیایی و ئاسایشی گواستنەوەیە لە وشکایی و لەنێو دەریا و ئوقیانوسەکان بەتایبەت لە تەنگەی دەریاکان ، بەهۆی بوونی چەتە و ڕێگرەوە چ لە نێو دەریاکان و چ لە نزیك تەنگەکانەوە هەمیشە گرفتی زۆر بۆ گوازتنەوەی وزە دێنە پێش، بۆ یە نەك هەر هێزی سەربازی و هێزی تەکنەلۆژی بەڵکو هەندێ جار هێزی ناتۆش بۆ پاراستنی تەنگە و پرۆسەی گوازتنەوەی وزە بەکاردەهێنرێت، ئەم چەتەگەری و ڕێگریەش کاردانەوەی سیاسەتی نادیموکراتی و توندوتیژی و زۆرداری فەرمانڕەواکانی ئەو ولاتانەن کە مامەڵە لەگەڵ سامانی وڵات وەکو موڵکی خۆیان دەکەن و بەس.

پرسیارێك کە لێرەدا بە ڕەوا دەبینرێ و دەبێ بکرێت ئەوەیە ئەگەری زۆری ئەو تاڵان و ڕێگری و چەتەییە بۆ و لە کوێ دەکرێت و هۆکارە سەرەکییەکانی چین؟ لێرەدا چەند نمونەیەك لەسەر بوونی وزە و داهاتەکەی و جۆری فەرمانرەواییەکەی و کاردانەوەی دانیشتوان و خەڵكی ناوچەکە لە دوو نمونەی جیاوازدا دەخەینە ڕوو:



1.   نیجیریا



ئاشکرایە و زۆر بە دڵنیاییەوە، زۆربەی ئەو وڵاتانەی لە جیهاندا سێیەم کە نەوت و غاز و بەگشتی وزە بەرهەم دەهێنن، خاوەنی ئابووریەکی بەهێزن لە هەمان کاتدا خاوەنی سیاسەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و زەبروزەنگن، ئابووریە بەهێزەکەش، تەنها حوکمڕان و دەسەڵاتدارەکان دەگرێتەوە، واتە ئەو داهاتە ناڕژێتە نێو بودجەی دەوڵەتەوە و پرۆژە و پانتایی بەرژەوەندی خەڵك و خزمەتی شارستانی نێوخۆ ناگرێتەوە، ژێرخان و باری سۆشیالی خەڵکی پێ چاك ناکرێت و ئێستاش ئاستی تەندروستی لە نیجیریا لە چاو وڵاتەکانی دیکەی ئەفریقیا ناهەموارترە، بوونی داهاتێکی زۆری سامانی وزە، لەجیاتی بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی گشتی کۆمەڵگا دەکات بە دوو چینی زۆر جیاواز لە ڕووی دارایی و کۆمەڵایەتی و پێگەی ژیان و ژیارەوە، بۆیە ئەم خزمەت نەکردن و ڕەچاونەکردنەی پێداویستی جەماوەر هێدی هێدی ڕق و هەمیشە دەستە و گروپی دژ بە بواری ئابووری یا ڕاستتر بڵێین دژ بە سێکتەری وزە دروست دەکات کە حکومەت و فەرمانڕەواکان دەگرێتەوە، نمونەیەك لەو پێشهاتانە لە نیجیریایە کە گەورەترین کۆمپانیای دەرهێنانی نەوتی لێبوو ئەویش ئیکسیل موبایل بوو، نیجیریان دووەم وڵاتی خاوەن دەسەڵاتی ئابووریە و گەورەترین وڵاتی خاوەن وزەیە لە ئەفریقا، ڕێژەی ٣% ی وزەی جیهانی تێدایە، داهاتەکەی ٨٠% ی بودجەی وڵات دەگرێتەوە، کۆمپانیا جیهانیەکانی دەرهێنانی نەوت وەکو شێل و تۆتال و ئیکسۆن، هێزی سەرەکی دەرهێنانی نەوتن لەوێ، بەڵام لەبەر بوونی سیاسەتێکی زۆر نادادپەروەری و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە لایەن حوکومڕانەکانەوە و لەبەر نەبوونی دامەزراوەی فەڕمی حکومی و بێ بەشبوونی زۆربەی دانیشتوان لە داهاتی دەوڵەت و نەبوونی خزمەتگوزاری و قۆرخکردنی سەرمایەی دەوڵەت بۆ دارودەستەی پارتە حوکمڕانەکان، میللەت هەڵدەگەڕێتەوە و گروپ و کۆمەڵی چەکدار دروست دەبێت، لە نیجیریاش فەرمەوانڕەوایەکی گەندەڵ و نابەرپرس و مافخۆر و قۆرخکەر بووە هۆی دروستبوونی ئەو جۆرە گروپ و چەتەیە و گرژیەی دەستیان بە ڕفاندنی ئەندامی کومپانیا و تێکشکاندنی هێڵی وزە و سوتاندنی کرد، لە ساڵی ٢٠٠٦ بەهۆی تەقینەوەی هێڵی گوازتنەوەی غاز زیاتر لە ٢٠٠ کەس تیاچوون و بەتایبەت ئیکسۆن مۆبیل زیانی زۆری پێکەوت و نزیکەی شەش کارمەندی کۆمپانیای شێلیان ڕفاند، ناچار هەندێ لە چاڵەکانی وزەی بەجێهێشت، و ڕێژەی وەبەرهەمهێنانی وزەی نیجیریاش بە ڕێژەی ٢٠% لەچاو جاران کورتی هێنا، هەر بەهۆی ناعەدالەتیەوە چەندەها گروپی ئیتنی و چەتە و پیاوکوژ بۆ دژایەتی ئەو کۆمپانیایانە و حکومەت دروست بوون، داوای هاوبەشیان دەکرد لەو داهاتەی کە لەسەر خاك و زێدی خۆیان دەست دەکەوت، جگە لەوەی داوای قەرەبووی شوێنەکانیان دەکرد و دژایەتی پیسبوونی ژینگەیان دەکرد، ئەو خێڵ و گروپانەی خەریکی ڕاوی ماسی بوون لە کار کەوتبوون و بێ کاریەکی زۆری دروست کردبوو[[4]]

ئەمرۆ تا ڕادەیەك گلۆبالیزم کەم یا زۆر چەمکە تازەکانی بەرەو نێو ماڵە هەرە دوورەکانیش بردووە لەوانە چەمکی ژینگە، یەکێك لە داواکاری خەڵکی ناوچەی دەلتای نیجیریا، نەهێشتنی پیسبوونی ژینگەی ناوچەکانی دەرهێنانی نەوتە، کە جگە لە پیسبوونی هەوا و خاك و کەنارەکان و زیانی بۆ ئیکۆسیستیمی ماسی و فرەزیندەوەر، ڕۆچووەتە نێو ئاوی ژێرزەویش، بوونی وزە لەو وڵاتە هیچ کاریگەری لەسەر باشترکردنی دۆخی هاوڵاتی نەبوو، هیچ دادپەروەریەکی نەهێنایە کایەوە، لە ساڵی ٢٠٠٤ دا سەرۆکی نیجیریا بەڵێنیدا کە لەمەودوا داهاتی وزە بە یەکسانی دابەش دەکرێت، بەڵام بەڵێنێکی پوچ بوو و هیچ وەرچەرخان و گۆڕان و بەجێهێنانێکی بە خۆیەوە نەبینی، پێچەوانەی ئەوە، هەرچەندە داهاتی دەوڵەت زیادی دەکرد، باری تەبدروستی و ژیاری خەڵك ناهەموارتر دەبوو[5]

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ئەوەندەی پرس و ڕا و بڕیاری کۆمپانیاکانی ئێکسون موبیل و تۆتال و شێفرۆن گاریگەری هەیە و قسەی دەڕوا ئەوەندە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان قسەی ناڕوات، بۆیە ئابووری قسە دەکات و ئابووری بڕیار دەدات.

2.    بلوجکستان

ڕوبەری وڵاتی پاکستان نزیکەی هەشت سەد هەزار کم٢ و ناوچەی بلوجکستان نزیکەی ٤٢% ی ڕوبەری پاکستانە و زۆربەی سامانی سروشتی دەکەوێتە ئەو ناوچەیەوە و بڕی داهاتی هەر تاکێك لەوێ زۆر کەمترە لەچاو بڕی داهاتی کەسێکی ناوچەکانی دیکە، واتە باری ئابووری دانیشتوانی بلوجکستان لەچاو ئەو هەموو داهاتە سروشتیەی وەکو ئاسن و یوڕانیۆم زینك و ، زۆر نالەبارە و تەنها ٦% ی داهاتی دەوڵەتی بەردەکەوێ، ئەم نادادپەروەریە کۆمەڵگای بەرەو ناڕەزایی و نائارامی بردووە، ئەم گروپ و لایەنانەی دژایەتی ڕژێم و فەرمانڕەوای ئەو دەوڵەتە دەکەن، ئەوانەن کە ڕەزامەندی ئەم نادادپەروەریە نین و لە کاتێکدا زۆربەی کان و کانزای ناوچەکە تاڵان دەکرێت، ڕێژەی هەژاری نزیکەی ٨٠% ی دانیشتوانە و تەنها سیکتەری ئاسایش بۆ پاراستنی داهات و کانە نەوتەکان ئاوەدان کراوەنەتەوە، تەنانەت سامانی ناوچەکەی ئەوان کەمتر دەخەمڵێنرێ وەك لە شوێنەکانی دیکە، بلوجیکستان شوێنێکی پڕ لە نادادپەروەریە و هێشتا لە هیچ میدیایەك باسنەکراوە، ئەگەر ڕاپەڕینی ئەم گروپانە نەبوونایە، هەر باس لە نەهامەتیەکانیان نەدەکرا.











سیاسەتی وزە لە هەرێمی کوردستان

لە شیکردنەوەی سیاسەتی وزەی هەرێمی کوردستان، هیچ ئاڵۆزی و پێچ و پەنایەك نایەتەڕی بۆ هەڵهێنجانی ئەو سیاسەتە، چونکە دۆخی کۆمەڵگا ئاوێنەی سیاسەتەکەیەتی، ڕەنگدانەوەی بەرنامە و پلانەکانێتی، بۆ هەرێمێکی وا بچوك و ڕوبەرێکی وا بەپیت و پڕ لە سامانی سروشتی وزە و ئاو و بوونی ڕێژەیەکی زۆر لە گەنج و دەستی کار و ژمارەیەکی زۆر لە زانکۆ و دکتۆر و تا چاو بڕ دەکات باڵەخانە و تەلار و پرد، ئەم تابلۆ ڕووکەشە هەر لە سەرەتا وێنای دەرکەوتەی بووژانەوە و گەشە و سیمای پێشکەوتنێکی خەیاڵاوی بەرجەستە دەکات، بەڵام هەر بەسیمای زۆر سادەش، پێچەوانەکەی دەسەلمێنێ، ئاستی کۆمەڵگا بە ڕادەی پەروەردە و تەندروستی و ڕیزبەندی وشیاریەوە دەخەمڵێنرێت، ئاستی دەوڵەتی هەرێمیش بە بڕی جوڵە و گەشە و زیندووبوونەوەی سێکتەرەکانی دیکە و بوارە بووژاوەکانی ئەو شوێنە و ئاستی داهێنان و چەکەرەی پەرەپێدانی عەقڵەوە دەپێورێت، پێوەری چاو بۆ ڕوخسار و تەلار، هیچ گرەوێك لە پێوەرە ژێرخانە وێرانەکان ناباتەوە.

پێوەری پێشکەوتنی جیهان لە سێ ڕەهەندا دیاری دەکرێت، لە ڕەهەندی پەروەردە و تەندروستی و ئاستی ژیاری تاك، هەرێمێك وەکو کوردستان کە لەو سێ ڕەهەندەدا وێران بێت، ئەی داهات لە بوژانەوەی چیدا خەرج دەکات و چی لێ دەکات، کۆڵەکە و بناغەی گۆڕان و جوڵەی سێکتەرەکان لە هەر وڵاتێکدا لەسەر چەند پایەیەك وەستاوە، کە ژێرخانی کۆمەڵگا بنیان دەنێ یا دەیڕوخێنێ لەوانە :

1.              زانست : مانەوەی بیرکردنەوە یا وەستان و پەك کەوتنی، واتە وەستان و پوکانەوەی خانەکانی مێشك و نوێ نەبوونەوەی و ناهاوسەنگی لە بیرکردنەوە و دواکەوتن و مانەوە لە نێو گۆمی کۆن و قەوزە لێدانی و جوینەوەی کۆن لە ئێستا و سبەینێ، بیرکردنەوە واتە تازەگەری، تازەگەری واتە زانست و بەکارهێنانی قودرەتی زانست بۆ فەراهەمکردنی گۆڕان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا،چونکە زانست بەکاربردنی توانای عەقڵە بەرەو دەروازەی تازە و تازەگەری، زانست داهێنانە بەرەو ئاسانکاری ژیان و پاشەکەوت کردنی کات و خۆ سەرقاڵ کردن بە بیرکردنەوەی نوێوە، زانست واتە بڕبڕەی پشتی پێشکەوتن، ساڵانە ولاتانی جیهان لە پێشبڕکێ و کێبڕکێی بەردەوامن بۆ خاوەندارێتی لە ڕیزبەندەکانی سەرەوەی داهێنان و هێنانە کایەوەی بیرۆکە و بۆچوونی نوێی زانستی.

ناتوانرێ زانست لە ڕوخساری مادیدا بخەمڵێنرێ، زانکۆی زۆر و خوێندکاری زۆری زانکۆ شایەتی بە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو لە زانستدا نادەن ئەگەر ڕەنگدانەوەی لە گۆڕینی شێوازی ژیانی تاک نەبێ، توێژینەوە و بوونی سەنتەری توێژینەوە و کۆکردنەوەی کزەخاڵەکانی کۆمەڵگا لەو سەنتەرەو کارکردن لەسەر نەهێشتنی ئەو کزەخاڵ و کەموکورتیانە، هۆکاری گۆڕانی زانستین لە کۆمەڵگادا، بێ گومان ئەمەش بە بوونی بودجە و تەرخانکردنی پارەیەکی باش دەبێ بۆ کارکردن، هەرێمێکی وەکو کوردستانی باشور و بوونی داهات و قۆرخکردنی ئەو داهاتە و بە موڵکیەت کردنی لە لایەن حزب و دەسەڵاتەوە و مەودا نەدان بە ئاوڕدانەوە لە دواکەوتن و سڕکردنی خەڵك بە هەندێ دەستکەوت کە تەنها لە خزمەتی کورسیەکاندایە، خەڵك لەسەر مانەوە لە قاوغی خۆیدا ڕادەهێنێ، زانکۆ زۆرە بەڵام چی دەکەن، خوێندکاری زانکۆ زۆرن بەڵام بە چ پڕچەککردنێکی زانستیەوە دەردەچن و بە چ ئاستێکەوە لە خزمەتی ئەو بوارەدا دەکەونە بازاڕی کارکردنەوە.

لەو وڵاتانەی جیهاندا کە بەرهەمهێنەری وزە و سامانی سروشتین، کەمترین داهێنان و هەڵپەی زانستی و پەتێنتی تێدا تۆمار دەکرێ، بە پێچەوانەوە ئەو وڵاتانەی بەکاربەری ئەو وزەیەن کە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەگرێتەوە، پێشەنگن لە بواری زانستی و توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و بەگەڕخستنی دەرئەنجامەکانی لە پێناوی پێشکەوتندا، زۆربەی خوێندکارە بیانیەکانی زانکۆ لە زانکۆکانی ئەمریکا و بەڕیتانیا و ئوسترالیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا دەخوێنن بە کورتی لە وڵاتانی(OECD)، ٤٠% ی ئەو خوێندکارانە لە وڵاتە بوژاوەکانەوە دێن وەکو چین و هیندستان، ٢٥% ی خوێندکاری چینی و ٥٦% ی خوێندکاری هێندی لە ئەمریکا دەخوێنن، خوێندن لە زانکۆکانی ڕۆژئاوا واتە فێربوونی زانست بە هەموو وردەکاریەوە، ئەمریکا هەر زوو ئەو ڕاستیەی قۆزتەوە کە داهێنان و کارکردن لەسەر بنەمای زانست پێشکەوت و دەسەڵاتی زانست و ئابووری دێنێتەکایەوە، بۆیە زۆربەی پاداشتە زانستی و ڕێزلێنان و نۆبلەکان بەر زاناکانی ئەمریکا کەوتوون.

ئێستا وڵاتە بوژاوەکان بە تایبەت چین، لە کێبڕکێی بواری زانستی و داهێنانن هەوڵ دەدەن زانا و بلیمەتەکانی خۆیان بێنەوە وڵات و کار بکەن و بودجەی سێکتەری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی دوو ئەوەندەی پێشتر زیاد کردووە و وا جاوەڕوان دەکرێ تا ساڵی ٢٠٢٠ ڕێژەکەی ببێتە ٢.٥% وەکو ڕێژەی بودجەی ئەمریکا بۆ توێژینەوەی زانستی.

سەنغافورە، ئەو وڵاتە بچوکەی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، لەگەڵ جیابوونەوەی لە مالیزیا ساڵی ١٩٦٥ خاوەنی هیچ نەبوو، نە سامانی سروشتی و نە ژێرخان و نە هیچ داهاتێك شایانی پشت پێ بەستن بێت، هەر ئەو کاتە ( لێ کوان یو ) وتی : ئەمڕۆ دەببێ ماحاڵ مەحاڵ بکرێ، ( لي کوان یو ) پشتی بە سێ بوار بەست، سیستەمی خوێندن و سیستەمی بانك و شوێنی جوگرافیەکەی، بەشێکی زۆری داهاتی وڵاتەکە بۆ خوێندن و زانست تەرخان کراوە، زانکۆکانی ڕیزبەندی دووەم لە نیو زانکۆکانیئاسیادا، بوونی تەنگەی مەلەکە کە لەنگەری تێپەڕبوونی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بەرەو چین و یابان و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، کاریگەری زۆری لەسەر بوژانەوەی ئەم وڵاتە هەبوو، کە ڕۆژانە زیاتر لە پازدە ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێپەر دەبێت، خوێندن لە سەنگافورە لە ئاستێکی بەرز و جێگایەکی گرنگی لە سیاسەتی وڵاتەکەدا هەیە، بۆیە گۆڕانی بنەڕەتی بۆ کۆمەڵگا لەگەڵ خۆیدا پەلکێش کردووە.

2.    چەقبەستوویی فەرمانڕەوایی : زۆربەی حکومەتەکانی فەرمانڕەوای ئەو وڵاتانەی لە جیهانی سێیەمدا سامانی وزەیان هەیە، ڕژێمی ستەمدیدە و دیکتاتۆر و کورسی پەرست و چەقبەستوون یا چەقبەستوو بوون، نمونەی لیبیا و عیراق و کازاخستان و نیجیریا و جەزائیر تورکمینستان و ڕوسیا و زۆر وڵاتی دیکەش، دەبوو کورد لەگەڵ دۆزینەوەی وزە و دەرهێنانی، کە بۆ سەدەیەك دەچێت خەبات لە پێناوی ئازادی و مافپەروەری دەکات، جیاواز و جۆرێکیتر دەرکەوتایە، دەبوو زەبروزەنگی ڕژێمی بەعس و مێژووی سەرکوتکردنی، ڕەنگدانەوەیەکی ئومێدبەخشی بۆ ئیستایەکی ئازاد و شێوازێکی شارستانی لە پێشکەوتن و گۆڕانی تێدا بەدیبکرایە، نەك بۆ پەروەردەکردن و ئاودانی ڕەگی دیکتاتۆرێکی دیکە و چەقینی کورسی و حزب بوایە، کورد جیاواز لە نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە، خاوەن پەرۆشی بوو بۆ تازەگەری، کورد شارەزا و پسپۆری هەبوو، بەڵام بەڕیوەبردنی وڵات لەسەر بناغەی خزمەتی حزبی و تێکۆشانی ڕابوردوو و بازنەی یەکترناسین، دروست هەنگاوێك بوو بۆ هەڵوەشانەوەی پەیڕەو و پرۆگرامی سیاسەتی ڕابوردوو، چونکە هیچ نوێنەرێکی خەمخۆری گەڵ لە دەستە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا نەبوو، هەمووی بۆ قۆرخکردنی دەسەڵاتێك و مانەوە لە ئاستی لێپرسراوی و پاراستنی بەرژەوەندی و بەرکەوتنی چمکێك لە هەیمەنەی دەسەڵات بەسەر جەماوەردا بوو.

لەگەڵ بوونی داهات و بودجە و خاکێکی بەپیت و ئاو و هەوایەکی سازگار و دەستی کاری پێویست، سڕبوونی سێکتەر و بوارەکانی دیکە، لەو وڵاتانەی خاوەن وزەن، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، تاوانێکە دژ بە ئێستا و سبەینێ و خەڵکی ماندوو دەکرێت، ئەو وڵاتانە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ڕووبەرێکی زۆری زەویوزاریان پشتگوێ خستووە و خۆیان پشتبەستوو بە بەرهەمی ولاتانی دیکەن، لە ماوەی نێوان ساڵی ٢٠٠٠- ٢٠١٤ وە نزیکەی ٣٦ ملیۆن هیکتار زەویوزاری کشتوکاڵی لەلایەن وڵاتە پێشکەوتوو و پیشەسازیەکانەوە کڕڕاوە یا بە کرێ گیراوە، زۆربەی ئەو وڵاتانەی زەوی فرۆشتووە یا بەکرێی داوە، ئەو وڵاتانەن کە دانیشتوانی خۆی برسی و هەژارن و خاوەن بڕێکی باشی ئاوی سازگاریشن بۆ چاندنی بەروبونی کشتوکاڵی، لەو ولاتانە مۆزەنبیق و لیبیریا و سودان و باشوری سودان و پاپواغینیا، ڕێژەی زۆری لە کیشوەری ئەفریقایە، بۆ هۆکاری ئەمەش هەر دەگەڕێینەوە بۆ یەکەم هۆکار ئەویش بەهەند هەڵنەگرتنی زانست و گەندەڵی حوکمڕانیە.

3.    گەندەڵێ فەرمانڕەوایی : گەندەڵی لەسەر ئاستی فەرمانڕەوایی دەوڵەتدا بەوە پێناسە دەکرێ کە بریتیە لە ناهەمواری بەکارهێنانی موڵك وماڵی دەوڵەت لەلایەن ئەو کەسانەوە کە متمانەی گەلیان پێ سپێرراوە بۆ فەرمانڕەواییکردن و دەوڵەت بەڕێوەبردن[[6]]

کەرەستەکانی گەندەڵی بۆ گەیشتن بە ستراتیژی مانەوە و دەستکەوتی زیاتر بریتین لە پەیڕەوکردنی ناپاکی و بێ ویژدانی سەرکەوتن بە سەر پلیکانەی پێشێلکردنی مافی هاوڵاتی و قوتی خەڵك و نابەرپرسیاری و چەوسانەوەی جەماوەر و کارکردن دژ بە پرنسیبەکانی شۆڕش و ویستەکانی ساڵەهای خەبات و تێکۆشان، سیاسەتمەدارەکانی هەرێمی کوردستان، یا سەرکردەکانی کە بە پێی پێناسەی ئاکاری سەرکردایەتی، کەسانی کامڵ و خۆنەویست نین و نەبوون، خۆنەویستی یەکەم ئاکاری شۆشگێڕیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو خۆنەویستیە خەوشی تێنەکەوێ و تا دوا هەناسە بە پاکیزی بمێنێتەوە.

لە ڕیزبەندی ساڵی ٢٠١٦ دا بۆ گەندەڵی لە جیهاندا کە لە لایەن ڕێکخراوی پاکسازی جیهانی Transparency International بۆ ١٧٦ دەوڵەت ئەنجام دراوە، عیراقی لە ڕیزبەندی ١٦٦ ڕیز کردووە، کە تەنها سۆماڵ و یەمەن و سودان و چەند وڵاتێکی دواکەوتووتری بەدوادا دێت، ئەم ڕیزبەندە بە کوردستانیشەوە دەژمێررێت، ئەگەر ئەوەش بەڵگە نەبێت، بارودۆخی ژیاری خەڵك باشترین بەڵگە و ڕیزبەندە، ئەم دیاردە زەقە نامرۆڤایەتی و نابەرپرسیاریە زیان هەر بە ئێستا و بە جەماوەر و بە سیاسەتی کورد نادات، بەڵکو زیان بە پێگە و پەیامی کورد دەدات، ناو و ناوەڕۆکی کولتوری کورد دەڕوشێنێ و ئەوەندەیتر ئەو بیرۆکەیە پشت ڕاست دەکاتەوە، کە کورد لە ئاستی سیاسی و جیهانیدا کەمتر سەرکردەی بەتوانای لە حوکمڕانیدا هەیە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە گەورەکان لەچاو سەرکردەی لۆکاڵی و نێوخۆییەکان، بوونی ئەم دیاردەیە هەژاری خواستەکانی سەرکردە فەرمانڕەواکان دەردەخات، ئیرادەی لەق و ناهاوسەنگی لە بەرنامە ستراتیژیە نەتەوەییەکاندا دەسەلمێنێ.



دەرئەنجامە گشتیەکان

لەو شیکردنەوەیەی سەرەوە دەردەکەوێت کە لەژێر سێبەری فەرمانڕەوایی گەندەڵدا ناکرێ گەشەی ئابووری بە گەشەی کۆمەڵایەتیەوە ببەسترێتەوە ، چونکە لەو حکومەتە گەندەڵ و نادیموکراتی و نادامەزراوانەدا، گەشەی ئابووری و بواری بەرهەمهێنان و بوونی سامانی سروشتی وەکو موڵکی فەرمانڕەواکان دادەنرێ، شاردنەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بەروبووم و داهات و گەنجینەی ژێر خاك و سەرخاکە وەکو مامەڵەیەکی تایبەت و موڵکیەت دەبینرێ، بازنەیەك لە نهێنی و گرێبەست و ئاڵووێڵ و ژمارەیەکی پەردەپۆش لە دەرچوو و تێچوو و ڕاخستنی فەرشی سور بۆ کۆمپانیا جیهانیەکان و هەوڵی زۆر بۆ ڕەخساندنی ئاسایش و ئارامی، چونکە یەکەم مەرج بۆ کارکردنی ئەو کۆمپانیایانە بوونی ئاسایشە.

بە موڵك کردنی سامانی دەوڵەت بۆ بەڕێوەبەرانی دەوڵەت، واتە دابڕانی میللەت لە ماف و ژەمی قوتەکەی و تۆرانی و دوورخستنەوەی لە هزری ئینتیما و بێ بەشکردنی لە وابەستەبوونی بە کیانێك کە هی خۆیەتی، دەبێ بەخێوکردنی میللەت ئەرکی خاك و داهاتی خاك بێت، نەك داهاتی خاك ئەرك و مافی چینێکی نادادپەروەر بێت، لە هەر شوێنێك کایەی چینی ناوەڕاست بەرەو پوکانەوە بچێت، واتە مەودای نیوان دەسەڵات و هاوڵاتی لە بواری ئابووریدا گەورەتر دەبێت، گەشەنەکردنی چینی ناوەراست، واتە زیاتر دەوڵەمەندبوونی دەسەڵات و بەرەو هەژاری و برسیبوونی چینی خوارەوە، چینی ناوەڕاست ئەو چینەیە کە تاکەکانی بتوانن ڕۆژانە لە ٢ تا ٣٠ دۆلار بۆ بژێوی و ژیانی خۆیان بە هەموو پێداویستیەکانیەوە خەرج بکەن، ئەمەش گەشەی نێوخۆ و بازاڕ و داهاتی کۆمەڵگا دەجوڵێنێ.

لە ئەفریقا ١،٠% ی هاونیشتیمانی ئەفریقی خاوەنی٦٠% ی داهاتی ئەفریقان، ئەوانیش ئەو سەرۆك و سەرکردانەن کە زیاتر لە ٢٠ – ٣٠ ساڵە لەسەر تەختی فەرمانڕەواییدان، وەکو کامیرۆن و زیمبابوێ، هۆکارەکانیش گەندەڵی و نادادپەروەری و قۆرخکردنی مافی هاوڵاتیە، بۆیە نابێ هەمیشە گەشەی ئابووری هاوتا بکەین بە گەشەی کۆمەڵایەتی هەموو تاکێك، چین و ئەمریکا خاوەنی چەندەها کۆمپانیا و سەنتەری کارن بۆ قۆرخکردن و تاڵانکردنی سامانی ئەو کیشوەرە، بەڵام هەرگیز دەرگای وانەی دیموکراتی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی و ماف و پێشکەوتن بۆ خەڵکی ئەو کیشوەرە ناکەنەوە، تا ئەوان بێ ئاگا و هەژار بن، ئەمان باشتر تاڵانی دەکەن.

لە هەرێمی کوردستانیش هەروایە، ئەوپەڕی ناداپەروەری و ئەوپەڕی قۆرخکردنی داهات و ناڕوونی لە دەرچوو و تێچووی داهات و سامانی هەریمەکەدایە، ئاسۆی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە هیچ لایەکەوە ڕوون نیە، دەستی کار و ڕێژەی گەنجێکی زۆری تێدایە کە تەمەن بە بێ کاری و چاوەڕوانیەوە دەکوژن، سامانێکی مرۆیی زۆر کە لە بازنەیەکی بەتاڵدا، بێ هودە سەرقاڵی پاڵپێوەنانی ژیانن، خاوەنی هیچ پلان و بەرنامە و داهاتوویەك نین، بێزاری نەبێ، دادگایەك نیە بۆ پشتگیری ئەم نادادیە.

هەرێمی کوردستان ئەگەر سیاسەتێکی وزەی ڕوون و دیوەدەری هەبوایە، ئەگەر کاری لەسەر بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی و گەشتوگوزار و پیشەسازی و کشتوکاڵ و کولتور و ئاوەدانکردنەوە و زیندووکردنەوەی ژێرخانی دروست و خستنەگەڕی توانای سامانی مرۆیی و پیشەسازی وزە و پاراستنی ژینگە، بکردایە، ئێستا لە جیاتی پڕکردنی بانکەکانی دونیا بە پارە و زەوتکردنی مافی خەڵك، هەرێمەکە چەند پلیکانەیەك بەرەو ئاستێکی بەرزتر سەرکەوتبوو، لە جیاتی خوڕافات و گوێڕایەڵی بۆ فەتوا بێ بنەماکان، زانستی کردبووە چەکی داکۆکی و هزر و هۆشی بۆ داهێنانی زانست دەخستەکار، بەرهەمی چارەکە سەدەیەك لە حوکم و خۆبەڕێوەبردن، هێنانی دەستی کاری بیانی و دروستکردنی دوو چینی زۆر دوور لەیەك و بێ نرخکردنی توانای نێوخۆیی و بێ هیواکردنی گەنج و دەرپەڕاندنیان بوو لەسەر خاکێك دەوڵەمەند لە داهات و ئاوارەکردنیان لەدەست دەسەڵاتێك هەژار لە خۆنەویستی و دەوڵەمەند لە خۆپەرستی.

د. مەدیحە سۆفی / ئەڵمانیا







[1] Lech Suwala et al, Kolumbien: Bericht zur Hauptexkursion 2012, Berlin, S. 36



[2] Lopez, et al ( 2006 ), S. 1747



[3] Sebastian Oberthür et al, Das Kyoto-Protokoll: Internationale Klimapolitik für das 21, Opladen, 2000, S.159



[4] anni Kunnas   eiche Böden, armes Volk: Der „Ressourcenfluch“ als Entwicklungsbremse in ressourcenreichen Staaten, 2013,



[5] Benjamin Dürr, Kampf um Nigerias Öl, Spiegel Online, 18.05.2016



[6] Britta Bannenberg,Wolfgang Schaupensteiner, Korruption in Deutschland: Portrait einer Wachstumsbranche, Verlag Beck, S.25- 36





مقالات

Default Image

المستقبل للدول غير المتقاعسة مناخياً

المصادقة على اتفاقية باريس حول تغيّر المناخ تؤشّر إلى عصر جديد، تحكمه قواعد مختلفة عما كان سائداً من قبل. قبل مؤتمر باريس العام الماضي، كان البعض يراهن على أن الاتفاق لن يحصل، والنتيجة كانت توقيع مئتي دولة، بما فيها الملوثان الأكبران الولايات المتحدة والصين.…

دستور اقليم كردستان باللغة الكردية

الإعلان العالمي لحقوق الإنسان

دستور اقليم كردستان باللغة العربية

Go to top