ڕۆژی ژینگەی کوردستان ١٦\٤

ڕۆژی ژینگەی کوردستان ١٦\٤

ژینگە، ئەو نشینگەیەیە کە زیندەوەر بە گشتی ژیاری تێدا دەکات و پێداویستیەکانی تێدا دابین دەکات، هەر گۆڕانێك لە سیفاتەکانی ئەو ژینگەیەدا ڕووبدات، دەبێتە هۆکاری تێکچوونی ئیکۆسیستیمی ئەو زیندەوەرەی لەوێدا دەژین، بۆیە بەهەند وەرگرتن و پاراستنی ئەو سیفاتانە زۆر گرنگن، مافی مرۆڤیش یەکێکە لەو مەرجانەی، کە ئەگەر پێشێلکرا، ئەوا ئەو ژینگەیە بۆ ژیان ناشێت و لەو چوارچێوەیەدا ناتوانرێ زیندەگی مرۆڤ، وەکو مرۆڤێکی خاوەن مافی ئاسایی خۆی، بەردەوام بێت.
باشوری کوردستان، بە ئاوی سازگار، خاکی بەپیت، داهاتی سروشتی و سامانی مرۆییەوە، نیشتیمانێکی دەوڵەمەندە، بەڵام خاوەن ژینگەیەکی شێواو و پەراوێزخراوە، هێشتا ئاستی هۆشیاری تاك تێیدا ئەوەندە نیە بتوانێ مافی ژینگەکەی خۆی بپارێزێ، پاراستنی ژینگە هەر چاندنی نەمام و بەخشینی پاداشت و ڕێزلێنان نیە، پایەکانی پاراستنی ژینگە، کارکردنە لەسەر بنەما زانستیەکانی بواری ژینگە و مافی مرۆڤ، هاتنەمەیدانی ئەکادیمی و شارەزاکانە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە گەورەیە لە کەموکوڕی، کە هێشتا نەبووەتە بابەتی بنکۆڵ کردن و شیکردنەوە.
مەیدانی کارکردن لە ژینگەدا فراوانە، بڕبڕەی پشتی ئەو کارکردنەش پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی زانستیی ژینگەیە، کە بە دەستپێکێکی دەوڵەمەند و کاراوە، دەتگەیەنێتە ئەو چارەسەرەی، کە لەوێدا مرۆڤ، ئاژەڵ و ڕووەك، یا زیندەوەر بە گشتی، لە ژێر سایەی مافی خۆیاندا و لە ئیکۆسیستیمێکی هاوسەنگدا ژیار دەکەن.
بە هیوای ژینگەیەکی تەندروست بۆ كوردستان و ژیانێكی شیاو بۆ سەرنشینەکەی بە دابینکردنی مافی مرۆڤەوە، هەتا ژینگەش تەندروست نەبێت، پایەکانی ژیانی تەندروست سەقامگیر نابن.

ڕێکخراوی سەوزی ئەوروپی – کوردستانی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *