راگەیەنراوی دەیەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسیە کوردستانیەکان

بە ئامادەبوونی نوێنەرانی پارت و رێکخراوە سیاسیە کوردستانیەکان، کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەش لە رۆژی 14.01.2017 دەیەمین کۆبوونەوەی خۆی لە ناوەندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە- لە برۆکسل پێکهێنا. بەپێی رۆژەڤی کۆبوونەوەکە سەرەتا رەوشی سیاسی کوردستان، دوا پێشهات و گۆڕانکاریەکانی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها هەڵوێست و کاریگەریی هێزە جیهانیەکان لە ناوچەکەدا بە فراوانی تاووتوێ کران.

لەسەر دۆخی باکور و رۆژاوای کوردستان و هێرش و داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا لەو دوو پارچەیەی کوردستاندا هەڵوەستەی تایبەت کرا. هەروەها دۆخی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە گشتی گۆڕانکاریی و بەرەوپێشچوونەکانی ناوچەکە و جیهان هەڵسەنگێندران. لە لایەکی ترەوە کارو خەباتی وەرزی رابردووی کۆمیتە هەڵسەنگێندراو پلان بۆ کارو خەباتی داهاتوو داڕێژرا.

کۆمیتەی هاوبەش ئەرکێکی گرنگی خستۆتە سەر شانی خۆی، ئەویش کۆکردنەوەی تواناو دینامیکە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانە. لەسەر ئەم بنەمایەش پلانی کارو ئەرکەکانمان رایی ئەکەین. لە سەرەتای ساڵی 2017 هیواخوازین هەموو لایەک بە گوڕوتینێکی زیاترەوە لە کاری دیپلۆماسی و لۆببی بەردەوام بن، بە تایبەت لە ئەوروپاو ئەمەریکا.

کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێپەڕئەبێ. شەڕێکی گەورەو دژوار لە ئارادایە. کوردستان لە ناوجەرگەی ئاگری ئەو شەڕەدایە، لە لایەکەوە راستەوخۆ لە لایەن داگیرکەرانەو و لە لایەکی تریشەوە بە وەکالەت هێرشی دڕندانە ئەکرێتە سەر خەڵکی کوردستان. سەرەرای داعش و هێزە سەلەفیە توندڕەوەکان، دەوڵەتانی تورکیا، ئێران، سوریا وعەرەبستانی سعودی لە جەمسەرە سەرەکیەکانی ئەو شەڕەن. بەداخەوە تا ئێستاش سەرو ماڵی خەڵکی کوردستان لەبەردەم مەترسیی زیانی گەورەدان. سەرانسەری باکوری کوردستان بۆتە مەیدانی شەڕ. لە هەموو رۆژاوای کوردستان شەڕ درێژەی هەیەو داگیرکاریی تورکیاشی هاتۆتە سەر. لە باشووری کوردستانیش، بە تایبەتی شەنگال و دەوروبەری موسڵ و کەرکوک و گەرمیان بە گشتی، لە ژێر هەڕەشەی بەردەوامدان. رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە دۆخێکی ناهەموارو ئاڵۆزدایە.

زیاتر لە ساڵ و نیوێکە شەڕێکی دژوار لە باکوری کوردستان بەردەوامە. دەوڵەتی تورکیا بە هەموو شێوازێک و بە هەموو چەکێکی قورس، بێ پسانەوە درێژە بە هێرشەکانی ئەدات و هەموو یاساو رێسا و سنوورەکانی بەزاندووە. شارو گوندەکان وێران ئەکات، خەڵکانی سڤیل کوشتوبڕ ئەکا و ژینگە ئەشێوێنێ. سیاسەتمەداران ئەگرێ و سەرۆک شارەوانیەکانی لە کار دەرئەکات و دەستبەسەر شارەوانیەکاندا ئەگرێت. لەبەرامبەر ئەم هێرشانەدا جەنگاوەرانی ئازادی بە فیداکاری و بەرخۆدانێکی بێوێنەوە بەرپەچی هێرشەکانی دەوڵەت ئەدەنەوەو پلانەکانیان پووچەڵ ئەکەنەوە.

دەوڵەتی تورکیا ئەوەی نەشاردۆتەوە کە نەک بە تەنیا لە باکور، بەڵکو لە سەرانسەری جیهاندا دوژمنایەتی گەلی کوردستان ئەکات. لە بواری دیپلۆماسیشدا سیاسەتەکانی خۆی لەسەر بنەمای دژایەتی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان بەریوەئەبات. ماوەیەکە دەولەتی تورکیا سیسەتی خۆی بەرامبەر سوریا گۆڕیوە. بۆ دژایەتی گەلی کوردستان لەگەڵ روسیاو ئێرانو ئێراق و سوریا لە پەیوەندیدایە. ئامانج لەو کارەش ئەوەیە کە ئەو ولاتانە لە یەکتر نزیکبکاتەوە تاکو پێکەوە هێرش بکەنە سەر گەلی کوردو دەسکەوتەکانیشی لێ تێکبدەن.

تورکیا دەیان ساڵە چەندین ناوچەی باشووری کوردستان بۆردومان ئەکات. زیاتر لە 20 ساڵە هێزەکانی خۆی لە باشوور دامەزراندووە ناچنە دەرەوە. بێگومان هەموو ئەو هێزانەی لە دژی بەرژەوەندی و دەسکەوتەکانی گەلی ئێمە هێناوەو ئەیەوێ لەو رێیەوە بەر بە هێزی ئازادیخوازی کوردستان بگرێت. دەوڵەتی تورکیا مافی بە خۆی داوە کە هەڕەشە لە هەندێک هێزی کوردستانی لە باشوور بکات و لە شەنگاڵ و هەندێک ناوچەی دی، سیاسەتی خۆی فەرز بکات. هەر لە سەرەتای شۆڕشی سوریاشەوە هەموو هەوڵەکانی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی قەوارەیەکی کوردان لە رۆژاوای کوردستان درووست نەبێت. هەتا ئێستاش بەردەوامە لە هاوکاریی داعش و هێزە سەلەفیە توندڕەوەکان و هێزە شۆڤێنیەکان لە دژی گەلی کوردستان. کاتێکیش کە نەیتوانی لە رێی ئەو هێزانەوە بەر بە شۆڕشی رۆژاوا بگرێت، ئینجا خۆی راستەوخۆ کەوتە هێرش و داگیرکاریی. زیاتر لە 5 مانگە هێزەکانی دوەڵەتی تورکیا چەند ناوچەیەکیان لە رۆژاوا داگیرکردووەو لە هێرشەکانیش بەردەوامن. هەر بەو مەبەستەش سیاسەتەکانی خۆی بەرامبەر رژێمی سوریا گۆڕیوە. لەگەڵ ئێران و ئێراق رژێمی سوریا لە دژی ئێمە، لەدژی گەلی کوردستان لە رێککەوتندایە. لەژێر ناوی چارەسەری ئاشتیانەدا لەگەڵ روسیاو ئێران لە پەیوەندیدایە و ئەیانەوێت لە ئاستانە کۆبوونەوەی چارەسەریی پێکبێنن. مەرجی دەوڵەتی تورکیاش ئەوەیە کە ئەبێ کوردەکان وەک تێرۆریست ناوزەد بکرێن و بەشداری دانوستاندنەکانی ئاستانە نەبن.

لەسەر رۆژاوای کوردستانیش هێرشەکانی داعش و هێزە گرێدراوەکانی تورکیا بەردەوامن لە هێرشەکانیان. جارجارەش رژێمی سوریا دەست بە هێرش ئەکات. بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو هێرشانەش شۆڕشی رۆژاوا بەردەوامەو رۆژ بە رۆژ بەرەو پێشەوە ئەچێت. پێویستە هەموو کەس ئەو راستیە بزانێت کە نەیارانی گەلی ئێمە زۆرن، بەردەوامیش هەوڵی تێکدان و لەناوبردنی دەسکەوتەکانمان ئەدەن. بۆیە پێویستە دۆخی رۆژاوای کوردستان وەک رۆژەڤێکی سەرەکی پشتگیریی بکرێت و کاری لەسەربکرێت. بە تایبەتیش لە بواری دیپلۆماسیدا، پێویستە بارۆدخی رۆژاوا وەک رۆژەڤێکی سەرەکی تەوەری پەیوەندییە دیپلۆماسیەکان بێت و هەوڵبدرێت چەترێکی نێونەتەوەیی بۆ پاراستنی رۆژاوا فەراهەم بکرێت.

رەوشی باشووری کوردستانیش لە رووی ناوخۆیی و لە پەیوەندیش لەگەڵ بەغدا باش نیە. شەڕی داعش بەردەوامە، گەلی باشوور رووبەڕوی قەیرانێکی ئابووری سەخت کراوەتەوە. هۆکاری بنەڕەتیی قەیرانەکانی باشوور قەیرانی سیاسیە. خودی قەیرانە سیاسیەکە بۆتە هۆکاری زۆر کێشە و تەنگژە. هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم لە کاتی خۆیدا پێکنەهات و ساڵیک زیاتر بەسەر وادەکەیدا تێپەڕیوە. ساڵێکە پەرلەمان لە کارخراوە. پێویستە لە باشوور لە پێش هەر شتێکدا پەرلەمان بە شەرعیەتی خۆیەوە کۆببێتەوە و لە کارەکانیدا بەردەوام بێت. هەروەها پێوسیتە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم لە وادەیەکی نزیکدا بکرێت. لەهەمووشی گرنگتر دابینکردنی ژیان وبژێوی رۆژانەی خەڵکی باشووری کوردستانە.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان سیاسەتی میلیتاریزەکردنی کوردستان و تواندنەوەی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتی رژێمی ئیسلامی ئێراندا بەردەوامە. ئێران بە هیچ شێوەیەک مافە دیموکراتی و سیاسیەکانی گەلی کوردستان ناسەلمێنێ. هەرچەندە هیچ شەڕێکی سەربازیی گەورەش لە رۆژهەڵاتی کوردستان نیە، بەڵام ئاڵۆزی و کێشەکان بەردەوامن. سیاسەتی بێکارکردن و بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک لە کوردستان درێژەی هەیە. ئێران نەک تەنیا لە ناوخۆ، بەڵکو لە سەرانسەری ناوچەکەشدا لە دژی دەسکەوتەکانی ئێمە لە کاردایە. رژێمی ئێران کە لە دۆخی سوریادا کاریگەریی زۆری هەیە، لەوێش هەروەک پێشوو لەگەڵ دوڵەتی تورکیا و دژ بە بەرژەوەندیەکانی گەلی کوردستان لە رێکەوتندایە.

هەرچەند هێزە داگیرکەرەکان لە پەیوەندی و رێکەوتنیشدا بن، بەڵام لە ناوخۆشیاندا ناکۆکییان زۆرە. سەرەڕای ئەو هەموو هێرش و ڕێگری و ئاڵۆزیانەش بارودۆخی کوردستان گۆڕانی بەسەردا هاتووە. چاوی هێزە سەرەکیەکانی جیهان لەسەر ئێمەیە. ئیدی کورد لە ناوچەکەدا بوونەتە ئەکتۆرێکی گەورە. هیزە جیهانیەکان حساب بۆ کوردان ئەکەن و لەگەڵیان لەرێککەوتندان. لە ئێستادا دەرفەتی سەرکەوتن لە هەموو کاتێک زیاترە.

بە ڕەچاوکردنی ئەم هەلومەرجە بە پێویستی ئەزانین:

1. تەواوی گەلی کوردستان پشت و هاوسەنگەری باکوری کوردستان بن. چونکە ئەمڕۆ لە هەرکاتێک زیاتر پێویستی بە هاوکاری و پشتگرتن هەیە. پێویستە لە بواری دیپلۆماسیدا ئاستەنگیەکانی سەر دەوڵەتی تورکیا زیاتر بکرێن. لە ئێستاشدا ئەو دەرفەتە هەیە. سەرکەوتنی باکوری کوردستان، سەرکەوتنی هەموو کوردستانیانە.

2. هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر رۆژاوای کوردستان بە توندی شەرمەزار ئەکەین. بە هەموو شێوەیەک لەسەنگەری بەڕێوەبەرێتی رۆژاوادا ئەبین. لە بواری دیپلۆسیشدا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ئەکەینە رۆژەڤی سەرەکی. بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە هەر کارێک پێویست بێت ئەنجامی ئەدەین. پێویستە لەو پەیوەندیەدا بە هەر شێوازێک بێت هاوکاری رۆژاوا بکرێت و شێلگیرانەتر خەبات بۆ بە فەرمی ناسینی رۆژاوا بکرێت.

3. سەبارەت بە پرسی سوریا، لە شاری ئاستانە کۆبوونەوە لە نێوان رژێمی سوریاو ئۆپۆزیسیۆنی سوریا پێکدێت. بەڵام بەڕیوەبەرێتی رۆژاواو هێزە کوردستانیەکانی رۆژاوا بانگهێشت نەکراون. هەر هەوڵدانێکی لەو چەشنە بە بێ بەشداریکردنی کوردان سەرناکەوێت. کوردان و پێکهاتەکانی رۆژاوا دان بە ئەنجامەکانی ئەو کۆبوونەوانەدا نانێن.

4. داوا لە سەرجەم پارت و رێکخراوە سیاسی و پیشەییەکانی باشووری کوردستان ئەکەین کە بەرپرسیارانەو دڵسۆزانە مامەڵە لەگەڵ قەیرانەکانی باشووردا بکەن و دەسکەوتەکان بپارێزن. لە کەشوهەوایەکی دیموکراسی و شەفافدا کێشە ناوخۆییەکان چارەسەر بکەن. پێویستە رێز لە ئیدارەو دامودەزگا شەرعیەکانی هەرێم بگیرێت و سەروەری یاسا بپارێزرێت. هەروەها بە روونی داوا ئەکەین کە هەرچی زووتر پەرلەمان کارا بکرێتەوەو سەرۆکایەتی هەرێم بە شێوازێکی دموکراتیک هەڵبژێردرێت. هەمانکات مووچەو بژێوی هاولاتیان هەرێم دابین بکرێت. ئاستەنگکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمان دژی بەرژەوەندی گەلی ئێمەیە. ئێمە هەر هەنگاوێکی ئاستەنگکردن دژی ویست و ئیرادەی گەلی کوردستان ئەبینین و شەرمەزاری ئەکەین.

5. بوونی هێزەکانی تورکیا لە باشوور هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان. پێویستە ئەو هێزانە هەرچی زووتر بچنە دەرەوە.

6. سەرۆکوەزیرانی توکیا لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، لە میانەی کۆنفرانسیکی رۆژنامەوانیدا هەڕەشەی لە کورد کرد و هەندێک هێزی کوردستانی بە تیرۆریست ناوزەد کرد. ئێمە ئەو هەڵوێستە شەرمەزار ئەکەین، داوا لە هەموو هێزە کوردستانیەکان ئەکەین لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستەی دەوڵەتی تورکیادا بێدەنگ نەبن.

7. کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر میلیتاریزەکردن و داپڵۆسین و لەسێدارەدان بەردەوامە. هەروەها رژێم سیاسەتەکانی خۆی لەسەر بێکارکردن و بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان بە شێوەیەکی سیستیماتیک درێژە پێئەدات. ئێمە بە توندی ئەو سیاسەتانەی رژێمی ئیسلامی ئێران شەرمەزارئەکەین. ئێمە داوا لە پارت و رێکخراوە سیاسیەکانی رۆژهەڵات ئەکەین کە زیاتر هەوڵی لێکنزیکبوونەوە و پێکەوە کارکردن بدەن، تا بتوانن دەنگ و مافی گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان بگەیەننە رای گشتی جیهان.

8. پێویستە پشتگیریی کەیسی ئێزدیەکان بکرێت. لەسەر ئەو هەموو دەستدرێژیەی داعش کردیە سەریان، هەوڵ بدرێت پرسی بە فەرمی ناسینی جینۆسایدی ئێزدیەکان لە ئاستی نێونەتەوەییدا جێگیربکرێت. هەروەها هەوڵ بدرێت کە ئیتر کاری پراکتیکی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگاڵ بکرێت و خەڵک بگەڕینەوە سەر جێی خۆیان. داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەکەین بە جدی و بە پەلە کار بۆ ئازادکردن و گێڕانەوەی دیلەکان بکات. پێویستە لە شەنگاڵ ناسنامەی ئێزیدێتی بپارێزرێت و شەنگاڵیەکان خۆیان خۆیان بەڕیوەبەرن.

9. ئێمە جارێکی تر پشتگیریی خۆمان بۆ گەلی سوریانی-ئاسوری-کلدانی دووپات ئەکەینەوە. ئەوان خەڵکی رەسەنی ئەو هەرێمەن. پێویستە هەموو مافە ئیتنیکی و کلتوری و ئیداری و کۆمەڵایەتیەکانیان لەسەر ئەو خاکە بپارێزرێن. کۆچبەرانیشیان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

10. ئێمە پشتگیریی خۆمان بۆ تەواوی ژنانی کوردستان و بە تایبەت ئەوانەی لە سەنگەری بەرگریدان. دووپات ئەکەینەوە. ئەو ژنانە وێنەیەکی هەرە بەرزی تێکۆشان و نوێی ژنانی کوردستان و جیهانیان پیشاندا. کۆبوونەوەکە دووبارە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی بۆ ئازادکردنی ژنە دیلەکانی دەستی داعش درێژە پێئەدات و بەردەوامە لە گەیاندنی دۆزی ئەوان بە ناوەندە نێونەتەوەییەکان.

11. کۆبوونەوە بڕیاری دا کە لە ئێستادا خەباتی لۆببی و دیپلۆماسیی لە ئەمەریکادا پەرەی پێبدرێت. بۆ ئەو مەبەستەش لە داهاتوویەکی نزیکدا شاندێکی کۆمیتەی هاوبەشی دیپلۆماسیی سەردانی ئەمەریکا بکات.

12. بڕیاردا کە لە سەر ئاستی ئەوروپا، خەباتێکی تایبەت دژی لیستی تیرۆر بەڕیوەبچێت.

13. کۆبوونەوە بڕیاری دا کە لە ساڵی 2017دا لەسەر ئەو کۆمەڵکوژیانەی لە کوردستاندا بەڕیوەچوون ( هەڵەبجە، دێرسیم،زیلان، مەرەش)، هەروەها لەسەر رەوشی ئێزدیان، ئاسوری – سریانی – کلدانی، کوردانی فەیلی،

کۆنفرانسی جۆراوجۆری ناونەتەوەیی پێکبهێنرێت.

14. . پێویستە هەموو پارت و رێکخراوە کوردستانیەکان لەسەر بنەمای پرەنسیپە دیموکراتیەکان پێکەوە هاوکار بن و رێز لە یەکتر بگرن. لە بواری دیپلۆماسیدا بەرژەوەندیەکانی گەلی کوردستان بپارێزن. لەم بارەیەوە بڕیار درا کە نامەیەکی تایبەت بۆ پارت ورێکخراوە کوردستانیەکان بنووسرێت.

15. ئێمە وەک کۆمیتە، داوا لە هەموو پارت و رێکخراوە سیاسیە کوردستانیەکان ئەکەین بێنە ناو کۆمیتەی هاوبەشی دیپلۆماسی، تاکو پێکەوە کاری دیپلۆماسی بکەین.

کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسیە کوردستانیەکان

17.01.2017، برۆکسل

  1. كۆمسیۆنی كاری دەرەوەی – كنك
  2. یەكیەتیی نیشتیمانیی كوردستان
  3. پارتی یەكیەتی دیموكراتی ( پ ی د )
  4. بزووتنەوەی گۆڕان
  5. حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان
  6. پارتی ئیسلامی كوردستان
  7. كۆنگرەی جڤاتێن دیموكراتیك – ك ج د ئەورۆپا
  8. كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان
  9. تەڤگەری ژنانی كوردستان – ئەوروپا
  10. فیدراسیۆنی ئێزدیانی كوردستان
  11. یەكیەتی سوریانیانی ئەوروپا
  12. پارتی یەكیەتی سوریانی – رۆژاوا
  13. پارتی ژیانی ئازادی كوردستان – پژاك
  14. حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
  15. نوێنەرایەتی  ( ھ د پ ) لە ئەوروپا
  16. پارتی دیموكراتی كوردی سوریا
  17. پارتی چەپی دیموکراتی کورد – سوریا
  18. پارتی چەپی کورد – سوریا
  19. پارتی دیموکراتی کورد – ئەلپارتی- سوریا
  20. پارتی رزگاری کوردستان
  21. پارتی سەوزی كوردستان  ( رێكخراوی سەوزی ئەوروپی – كوردستانی )
  22. ئەنستیتۆی كورد لە برۆكسل
  23. رێکخراوی دیموکراتیکی یارسان
  24. پارتی یەکێتی نیشیمانی ئازاد – رۆژاوا
  25. تەڤگەری ئاوەدانکردنەوەی کوردستان – سوریا.
  26. ئەنجومەنی شەنگاڵ لە دەروەی وڵات.
  27. پارتی سەربەخۆیی.
  28. پارتی کۆمۆنیستی کوردستان.
  29. پارتی یەکێتی دیموکراتی کوردستان- الوحدة. (رۆژاڤا)

کۆمەڵە – رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *