کێشەی زۆربوونی دانیشوان لە جیھان دا

مەدیحە سوفی

لە ئێستادا، زۆربوونی دانیشتوان، یەکێکە لە کێشە هەنوکەییەکانی ژینگە له‌ جیهاندا، نەك لەو ڕوانگەیەی گۆی زەوی توانای هەڵگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی نابێت، بەڵکو لەو ڕوانگەیەوە کە کاردانەوەی بۆسەر تەواوی ژینگە و ئیکۆسیستیمەکەی، کاردانەوەیەکی نەرێنی دەبێت.

تۆماس ماڵتۆس، قەشەیەکی ئەمریکی بوو، لە کۆتایی سەدەی هەژدەهەمدا بۆ یەکەم جار چەمکی زۆربوونی دانیشتوانی وروژاند و داوای ئەوەی کرد کە ئاستێك بۆ زۆربوونی دانیشتوان دابنرێت. بەپێی بۆچوونی ماڵتۆس زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان لەگەڵ توانای بەرهەمهێنانی ئەو بڕە خۆراکەی، بتوانێت پێداویستیەکانی ئەو ژمارە زۆرە دابین بکات، یەك ناگرنەوە و هاوتا نابن. بۆیە بەڕای ئەو، دەبوایە سنوورێك بۆ لەدایكبوونی مناڵ دیاری بکرێ، ئەویش بە ڕێگەدانی هاوسەرگیری لە تەمەنێکی گەورەتردا، ئەم بۆچوونەی ماڵتۆس ناونرا (ماڵتۆسیانسموس).

لە پاش شەستەکانی سەدەی بیستەمدا، شۆڕشێك بە ناوی (شۆڕشی سەوز)ەوە، دەستپێکی شێوازێکی نوێی بەرهەمهێنانی دانەوێڵە و بەروبوومی کشتوکاڵی داهێنا، بەتایبەت لە وڵاتە بوژاوەکانی وەکو هیندستان؛ کە خاوەنی ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانە. ئەویش بەبەکارهێنانی پەینی کیمیاوی، چاکردنی جۆری تۆو، بەکاربردنی موبیدات و ڕێکاری نوێ بۆ ئاودان، کە لەلایەکەوە بەرهەمهێنانی زیاتر کرد، لەلایەکیترەوە ئەو پەینە کیمیاوی و موبیدەی بەکاردەهێنران، کاریگەری لەسەر تێکدانی خاك و پیسبوونی ئاوی ژێر زه‌وی هەبوو، لە ئێستادا ٤٠٪ ی ئەو زەوی و زارانەی بەکەڵکی کشتوکاڵ دێن، بۆ بەرهەمهێنانی خۆراكە سەرەکیەکانی وەکو گەنمەشامی و جۆرەکانی دیکەی دانەوێڵە دەچێنرێن.




 لە ساڵی ٢٠١٥ دا، هەشت سەد ملیۆن کەس لەژیر هێڵی هەژاریەوە بوون، ئەم ژمارەیە دە ملیۆنی کەمتر بوو لە ساڵی ٢٠١٤ و پەنجا ملیۆن کەمتر بوو لە ساڵی ٢٠١٣، واتە بەردەوام ژمارەی هەژار، ئەگەرچی  بە ڕێژەیەکی کەمیش بێت، کەمتر دەبێتەوە، واتە بوونی هەژاری و برسێتی بە هۆکاری کەمی خۆراك نیە، توێژینەوەکان دەیسەلمێنن؛ کە کێشە سیاسی، ئابووری، ئیکۆلۆژی و نایەکسانی دابەشکردنی خۆراك، ڕۆڵی سەرەکی لە سەرهەڵدانی هەژاری و برسێتیدا هەیە، ساڵانە نزیکەی ١،٣ ملیار تەن خۆراك فڕێ دەدرێت، هەر ئەو خۆراکەی لە وڵاتە پیشەسازیەکان فڕی دەدرێت بەسە بۆ نەهێشتنی برسێتی لە جیهاند.

گەشەسەندن و پەرەسەندنی پیشەسازی، هاتنەمەیدانی ژنان بۆ کارکردن وشیاربوونەوەی کۆمەڵگا، ڕۆڵی لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەی لەدایکبوون و جێگیربوونی ژمارەی دانیشتوان هەبوو لە هەندێ وڵاتی پیشەسازیدا، ساڵی ١٩٠٠ هەر خێزانێك لە ئەڵمانیادا خاوەنی پێنج مناڵ بوو. لە ساڵی ١٩٣٠دا تێکڕای ژمارەی مناڵ لە خێزانێکدا تەنها دوو مناڵ بوون، تەنانەت ڤێتنامیش لەگەڵ گەشەسەندنی باری ئابووریەکەی لە ٣،٦ مناڵ لە خێزانێکدا لە ساڵی ١٩٩٠ دا، بووە دوو مناڵ لە خیزانێکدا لە پاش ساڵی ٢٠٠٠ دا، زۆربەی بنکۆڵ و توێژینەوەکان  دەریدەخەن، کە ئەو وڵاتانەی ژمارەی دانیشتوانیان جێگیر کرد و ڕێگری کرد لە بەرزبوونەی ژمارەی دانیشتوانیدا، ساقامگیر و پێشکەوتوو و سودمەندتر بوون.

بە هۆی پێشبینیکردنی زۆربوونی دانیشتوان لە داهاتوودا، زانست و ناوەندی داهێنانە زانستیەکان خۆیان لە قەرەی چەندەها بۆچوون و ئەزمونی بایۆلۆژی دا. ئەویش لە ڕێی لێکدان و موتوربەکردنی جۆرەکانی تۆ و بەرهەمی دانەوێڵە و پەینی پێویست بۆ زیادکردنی بەرهەم و خۆراك، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، توێژینەوە بەردەوامەکان، بەدواداچوونە زانستیەکان و هاوپێچکردنی لێکۆڵینەوە جیاوازەکان لەگەڵ یەکتردا، مەزەندە و پێشبینیەکانی لە راستی و دروستی نزیك کردووەتەوە، لە ئێستادا زانا و شارەزاکان بۆ ئەوە دەچن، کە داهات و سامانی گۆی زەوی بەشی یازدە ملیار کەس دەکات، کێشەکە لە یەکسانی دابەشکردن و بەرکەوتنی ئەو داهات و سامانەیە، بوونی ئەو ١١٪ ی دانیشتوانی جیهانە، کە لە ئێستادا ژێر هێڵی هەژاریەوەن، هۆکارەکەی کەمی خۆراك نیە لە جیهاندا، بەڵکو هۆکاری ئایدیۆلۆژی، سیاسی، ناوشیاری، جیۆپۆلیتیك و کێشە ئابووریەکان بەتایبەت لە ناوەراست و ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئەفریقيا[[1]


کێشەی کەمی ئاویش، تەنانەت لە هەندێ شوێندا بوونی قەیرانی ئاو، هۆکاری برسێتی و تێکدانی ئاسایش و ئاوارەییە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ نمونە، کە هەندێ وڵاتی ناچار کردووە، ئاوی دەریا خوێشۆر بکات تا شیاوی بەکارهێنان بێ، ئەم کردارە وزەی زۆری پێویستە، بەهۆی بوونی وزەیەکی تەقلیدی زۆر وەکو نەوت و گازی سروشتی لە وڵاتەکانی کەنداو و سعودیەدا، دەتوانرێ ڕێژەیەکی زۆر ئاوی دەریا خوێشۆر بکرێ و پێداویستی مرۆڤ پڕبکاتەوە، وەلێ لەهەندێ وڵاتی هەژاردا ئەو تەکنەلۆژیایە دابین ناکرێ، داهێنان و بیرکردنەوەش لە مێتۆدی زانستی نوێی تەکنیکی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی سەوز وەکو وزەی خۆر، لەو شوێنانەدا هێشتا چەکەرەی نەکردووە و نەتوانراوە سود لەو وزەیە وەربگیرێ، کە هەم بەخۆڕایی و هەمیشەییە، هەم بۆ ژینگە پاك و بێ زیانە، لە کاتێکدا لە ئەوروپا هەرچەندە خۆر کەمتر دەردەکەوێ، وەلێ دەوڵەت هاندەری سەرەکی ئەم بەرهەمی وزە هەتاهەتاییەیە.

گرنگترین چارەسەر یا ڕێگری لە زۆربوونی دانیشتواندا، وشیارکردنەوە و گەشەسەندنی هزر و داڕێژانی پلانی ڕۆشنبیریە لە نێو خەڵکی ئەو وڵاتانەدا کە ژمارەیان بەردەوام لە زیادبووندایە، وەکو هیندستان، بەنگلادش، ئیندۆنیزیا و نیجیریا، لە هەمووی گرنگتر وشیارکردنەوەی ژنان و خستنەبەر خوێندنی کچانە، چونکە تەواوکردنی خوێندن و کارکردن، ڕەنگدانەوەی لەسەر هاوسەرگیریەکی درەنگتر، وشیاربوونەوە و خستنەوەی مناڵی کەمترە، زۆری مناڵیش یەکێکە لەو کێشە کۆمەڵایەتیانەی ئەوەندەیتر ژنان بەرەو دواکەوتن، چەقبەستوویی و تێکچوونی تەندروستی دەبات، جگە لەوەی پەروەردەکردنی دایکێکی نەخوێندەواری خاوەن مناڵی زۆر،  کەمی دەرامەت، ناهەمواری باری تەندروستی و کۆمەڵایەتی، نە لە ئاستی ئامادەکردنی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و نە لە ئاستی پەروەردەیەکی زانستی و تەندروستدا دەبێت .

ئەفریقا یەکێکە لەو کیشوەرانەی، بەپێی پێشبینیەکان، تا ساڵی ٢٠٥٠ دەبێتە خاوەنی دوو ئەوەندەی ژمارەی دانیشتوانی ئێستای، لە ساڵی ٢١٠٠ دا، دوو لەسەر سێی ٣/٢ ی دانیشتوانی جیهان لە ئەفریقادا دەژین، ڕێژەی مناڵبوون لە ئێستادا لە نیجەر ٧،٤  مناڵە بۆ هەر ژنێك، لە میسڕ ئەو ڕێژەیە ٣،٤ مناڵە بۆ هەر ژنێك، لە کاتێکدا چڕی دانیشتوان تیایدا لە ئاستێکی بەرزە.

بەپێی هەموو ئەو دەرئەنجام، بۆچوون و بەدواچوونانەی ناوەندەکان و ڕێکخراوی نێونەتەوەیی جیهان ئاشکرایان کردووە، تەنها چارەسەر بۆ ڕێگری لە زۆربوونی دانیشتوان، وشیارکردنەوەی ژنان، قەلاچۆکردنی نەخوێندەواری و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندەواریە لە نێویان. ئەو وڵاتانەی ژمارەی دانیشتوانیان جێگیر کرد، وڵاتە پێشکەوتوو و بەرهەمهێنەرەکانن، کە ژن تیایاندا لە مەیدانە، نەخوێندەواری دەگمەنە و تا ڕادەیەك دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەرقەرارە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *