ڕۆژی ژینگەی کوردستان

چەمکی ژینگە، تەنها سروشت ناگرێتەوە، بەڵکو بریتییە لەو ناوەندەی کە بۆ ژیان دەشێت و کاریگەری و ئاڵوگۆڕ لە نێوانیاندا دروست دەبێ ، بە زیندەوەر و خاک و ئاو و هەواوە. پاراستنی پەیوەندی نێوان زیندوو و نازیندووەکان، بەندە لەسەر پاراستنی هاوسەنگی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی سروشت.

دەمێکە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکان، ئەوە دەسەلمێنن، کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە، ژینگەی سەر گۆی زەوی لەچاو سەدەی پێش پیشەسازییەوە، ناهاوسەنگترە. پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی زانستی بۆ ژینگە، یەکێکە لە ڕێگەچارەکان چ بۆ گەشەی بەردەوام و چ بۆ سەقامگیرکردنی مافی مرۆڤ و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ئەویش بە ڕێگەگرتن لە تاڵانکردنی سامانی سروشتی، پەرەپێدانی وزەی سەوز، سودوەرگرتن لە بەرنامە ئیکۆلۆژی و ئیکۆنۆمییەکان و بەگەڕخستنی سامانی مرۆیی لە بەرهەمهێناندا.

بە درێژایی چەندەها ساڵی ڕابووردوو و بە ئێستاشەوە، کوردستانی گەورەش، جگە لە کێشە جیهانییەکانی ژینگە، ڕووبەڕووی شەڕی دژوار و هێرشی نالەباری ڕژێمە فاشیستەکانیش بووەتەوە، ئەم شەڕ و هێرش و وێرانکردنە، جگە لەوەی قوربانییەکی زۆری  لێکەوتووەتەوە و ماڵ و گوندەکانی خاپور و وێران کردووە، ژینگەکەشی بە ئاو و خاك و هەواوە، دوچاری ژەهراوی بوون و پیسبوون کردووە، لێرەدا دەبینین کە کوردستانی گەورە لە ژێر هەڕەشەی کێشەی ژینگەی جیهانی و لۆکاڵیدا بووە.

بۆیە کار و ئەرکی پارت و ڕێکخراوە ژینگەییەکانە، کە پلان و بەرنامەکانیان لەسەر بناغەی شارەزایی و پسپۆری و بڕوابوون بە کارکردن لە بواری ژینگەدا دابڕێژن، هەڵمەتی وشیارکردنەوە و پەروەردەی ژینگەیی پەیڕەو بکەن و ڕابگەیەنن. بتوانن لە بەجێهێنانی ئەرکی ژینگەییدا کارا بن.

ئێمە وەکو (ڕێکخراوی سەوزی ئەوروپی- کوردستانی) لە پێناوی بەدیهێنانی کەشوهەوایەکی پاك و تەندروست و چارەسەری بەردەوامی کێشە ژینگەییەکاندا، بۆ هەمیشە لە کارکردندا دەبین، وە هیوادارین بابەتی ژینگە لە کوردستاندا ببێتە یەکێك لەو بوارە گرنگانەی، کە بە بڕواوە پێشوازی لێ بکرێت، بۆ فەراهەمکردنی ژیانێکی تەندروست بۆ جیهان بە گشتی و کوردستان بە تایبەت.

ڕێکخراوی سەوزی ئەوروپی- کوردستانی

..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *