تێکچوونی یاساکانی سروشت چ لە کالیفۆڕنیا یا باشووری کوردستان

د. مەدیحە سۆفی

نووسەری گەورەی یۆنانی نیکۆس کازانتزاکی لە ڕۆمانی زۆربادا، کە لە ساڵی ١٩٤٦دا بڵاوکرایەوە، لەسەر زمانی سەرۆک، کاتێ هەوڵی ڕزگاربوونی مێرولەیەک دەدات لە مردن، دەڵێ:

” ئیستا زۆر چاک لەوە گەیشتووم کە دەستدرێژیکرنە سەر یاساکانی سروشت چ تاوانێکی گەورەیە، دەبێ بە دڵنیاییەوە پشت بە یاساکانی سروشت ببەستین و بیپارێزین”

لەم سەردەمەی؛ کە تیایدا جیهان ڕووبەڕووی چەندەها کێشە و گرفتی جۆراوجۆر بووەتەوە لەوانە شەڕ، کێشەی دارایی و ئابووری، پەتا و درم، ئاوارەیی و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی، بەڵام لە هەمووی هەستیارتر کێشەی گۆڕانی کەشوهەوایە؛ کە مرۆڤایەتی لە هیچ گۆشە و کەلەبەرێکیدا لە کارەسات و هەڕەشە بەردەوامەکەی بێبەش نابێت، کاردانەوە و زیانەکانی دوور و نزیک بەرۆکی سەرجەم کیشوەر و وڵات و دورگەیەک دەگرێتەوە.

هەڕەشەکردنی سروشت لە مرۆڤایەتی، دەرئەنجامی کاردانەوەی ئەو بەرنامەڕێژی و چڵێسییەیە، کە سەرمایەداران لە مەڕ چالاکییە ئابوورییە کلاسیکییەکەیان، لە سەردەمی سەرهەڵدانی پیشەسازییەوە و لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەوە، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو دەستدرێژییەی دەکرێتە سەر سروشت و ژینگە، پەیڕەوی دەکەن.

لێرەدا پێویست ناکات بەو مێژووەدا بچینەوە و شیبکەینەوە کە لەکەیەوە ئەوە سەلمێنراوە؛ کە زیادبوونی گازە زیانبەخشەکان و بەتایبەت دووەم ئۆکسیدی کاربۆن[[1]] چ کاریگەرییەکی لەسەر گلدانەوە و قەتیسبوونی گەرمی خۆر هەیە و دەمێکە ئەوە سەلمێنراوە، کە هۆکاری سەرەکی تێکچوونی کەشوهەوا و گۆڕانێتی، وەلێ پێویست بەوە دەکات ئەوە بخرێتە ڕوو، کە زیاتر لە پەنجا ساڵە زانست و ناوەندەکانی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و سەرجەم پسپۆر و شارەزاکان، بە داتا و ژمارە و پێوەری زۆر ورد، ئەوەیان سەلماندووە کە کیشەکانی کەشوهەوا     دەرئەنجامی چالاکی مرۆڤ و بەرهەمهێنان و بەکاربردنی وزەی بەردینە (خەڵوز، نەوت، گاز).

چاپکردنی کتێبی (سنوورێک بۆ بەرهەمهێنان) لە ساڵی ١٩٧٢دا و لەلایەن یانەی ڕۆماوە، کە بریتین لە کۆمەڵێ پسپۆر و شارەزای زۆر پلەبەرزی بواری زانست، باشترین ئاماژەیە بەو مەترسی و هۆشدارییەی؛ لە ئاکامەکانی گۆڕانی کەشوهەوادا پێشبینی کردبوو. ئەگەر ئێمە بتوانین هەندێ خۆمان لە قەرەی زانست و تێگەیشتن لە زانست بدەین، بێگومان جیهانی خورافات و بۆچوونی خەیاڵی ناتوانێت خۆی لەقەرەی تێگەیشتنمان بدات، چونکە زانست پێوەر و ژمارە و دەرئەنجامی تاقیکردنەوە و کاری لابوور و ماندوبوونی مەیدانییە و هەڵە قبوڵ ناکات.

کەوتنەوەی ئەو ئاگرە لە کالیفۆڕنیا یەکەم جار و دواجار نییە، تەنها کالیفۆرنیاش نییە، چەندەها ساڵە وشکەساڵی سۆماڵ و ئەریتریا و زۆربەی وڵاتە ئەفریقیەکانی برسی کردووە، لافاو لە خوارووی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و بەتایبەت بەنگلادیش، سووتانی دارستان لە کەنەدا و ئوسترالیا، تورکیا، یۆنان، بارانی بەخوڕ و توانەوەی بەستەڵەک، جگە لە گەردەلوول و باڕێزە، کە کەنارەکانی ئەمریکای تەنیوە، ئەم دیاردە سروشتیانە سروشتی نین، بەڵکو دروستبوونی ناهەوسەنگی لە سروشتدا و بەهۆی زیادەڕۆیی و ئابووری کلاسیکەوەیە، کە تەواوی گۆی زەوی شێواندووە.

کالیفۆرنیا یەکێکە لە هەرێمەکانی ڕۆژئاوای ئەمریکا و دەکەوێتە سەر ئۆقیانوسی ئارام، بە ڕوبەری ٤٢٣ هەزارکیلۆمەتر دوجا و دوای ئالاسکا و تیکساس سێیەم گەورەترین هەرێمە، ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی چل ملیۆنە و دەوڵەمەندترین هەرێمی ئەمریکایە، ناوەندەکانی ئەپڵ، گوگل، میتا، نێت فلیکس، هۆلیوود و لینک ئین دەکەونە ئەم هەرێمەوە، کە کاریگەری زۆری لەسەر داهاتەکەی هەیە، لە هەمان کاتدا زۆرترین ڕێژەی نایەکسانی تێدایە لە نێوان دەوڵەمەند و هەژاردا، بەتایبەتی لە دوای قەیرانی دارایی ٢٠٠٨ و کێشەی بانک و خانوبەرە.

          بە پێی ڕا و بۆچوونی شارەزاکان، گۆڕانی کەشوهەوا هۆکاری سەرەکی ئەم ئاگرکەوتنەوەیەیە لە کالیفۆڕنیا،             دەتوانین لەم خاڵانەدا ڕوونی بکەینەوە:

  1. کالیفۆرنیا دەمێکە لەژێر هەڕەشەی وشکەساڵیدا دەناڵێنێ، هەر لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئاگرکەوتنەوە هەزارەها هیکتار لە دارستانی وێران کرد، بە بۆچوونی زانستی شارەزاکان لە زانکۆی لۆس ئەنجلس؛ ئەگەر هۆکاری ئەم ئاگرکەوتنەوەیە مرۆڤیش بێت؛ ئەوە ڕادە و ڕوبەری ئاگرکەوتنەوەکە بەو خێراییە و بەردەوامییەکەی، بە هۆکاری بای توند وشکەساڵی و بوونی ڕوبەرێکی گەورەی دارستان و  گژوگیای وشکەوەیە، هەروەها بەکارهێنانی کەرەستەی هەستیار بۆ ئاگرکەوتنەوە وەکو دار و دروخت و هاوشێوەکانی، بۆ دروستکردنی خانوبەرە، ئەو ئاگرکەوتنەوەیە خێراتر دەکات.
  2. کەمی باران و قەیرانی ئاو ڕۆڵێکی گەورە لەو کارەساتەدا دەبینێ، سەرچاوەی ئاو بە گشتی لەو هەرێمەدا بریتییە لە ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی، لێ لە کاتی زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی و لە هەمان کاتدا بەدواداهاتێنی وەرزی وشکەساڵیدا، ئاوی ژێرزەوی پڕ نابێتەوە و ئاوی سەرزەوی بەشی پێداویستی ناکات، دەزگاکان ناچاری ئەوە دەبن ئاوی سوێر خوێشۆر بکەن، ئەمەش وزەیەکی زۆر و تێچوویەکی زۆری دەبێت، جگە لەوەی پاشماوەکەی زیان بە ژینگە و پیسبوونی دەریا و سەرچاوەکان دەگەیەنێت و زیندەوەرەکانی نێو ئاو لەناودەبات و ئیکۆسیستیمەکەی دەشێوێنێ.

بەکارهێنانی ئاو لە کالیفۆرنیا بەشێکی زۆری لە بواری کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی بەرهەمدا و بەتایبەتی بەرهەمی بادەم، بستە و گوێزدا بەکاردەهێنرێت، تەنها بەرهەمهێنانی بادەم ١٠٪ی سەرجەم ئاوی بەکارهاتوو دەگرێتەوە، کە بڕێکی زۆر هەناردەی دەرەوە دەکرێن، جگە لە چاندنی چەڵتوک، کە ئەویش خۆی لە خۆیدا بڕێکی زۆری ئاوی پێویستە.

هەڵهێنجانی ئاوی ژێرزەوی بەنایاسایی، بەتایبەت لەلایەن کارگە و دەوڵەمەندەکانەوە، زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاوی پێویست بۆ ژیانی ڕۆژانە و ژیاری شارستیانەی دانیشتوانەکە لە ئاستێکی بەرزدا، هەموو ڕۆڵی گرنگ لە ناهاوسەنگی لە نێوان بوونی سەرچاوەکانی ئاو و بەکارهێنانی دروست کردووە.

حکومەت چەند یاسایەکی بۆ کەمکردنەوەی ئاو خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئەم یاسایانە کارگە و یارییەکانی گۆلڤ و دەوڵەمەندەکان ناگرێتەوە، بەڵکو ئاودانی باخچەی ماڵەکان و پێداویستی ڕۆژانەی خەڵکی ئاسایی دەگرێتەوە، لۆبی کارگەکانی بەرهەمهێنان و هەڵهێنجانی بیرە نایاساییەکانیان ناگرێتەوە، هەروەکو چۆن لە باشووری هەرێم پاڵاوگە نایاساییەکان؛ کە ژیانی خەڵکی تووشی مەترسی کردووە، ناچنە نێو بازنەی قەدەغەکردنەوە و وەرگرتنی باجی ژینگە لە دوکاندار و هاوشێوەکانی و زیاترکردنی قورسایی سەرشانی خەڵکی ئاسایی دەگرێتەوە. بۆیە و ئاکتیڤکردنی لۆبی ئەو چین و توێژە وەکو داینەمۆ بۆ زیاتر نایەکسانی لە پەیڕەوکردنی داد و دادپەروەری لە نێوان دەوڵەمەند و هەژاردا، دیاردەیەکی نابەجێی حوکمڕانییە، ئەمەش جگە لە ماکەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، گەورەترین بۆشایی لە چارەسەکاندا دروست کردووە.

  • بەدواداهاتنی وەرزێکی باراناوی و شێدار و پاشان وەرزێکی وشک و بێ باران، یەکێکە لە هۆکارەکان، بەو مانایەی؛ لە وەرزە پڕ بارانەکە گژوگیا و سەوزاییەکی چڕ سەرهەڵدەدا، بەجۆرێک روبەری ئەو سەوزاییە لە وەرزە وشکەکەی بەدوایدا دێت، ئەوەندە وشک دەبێت کە ئەگەری زیاتربوونی ڕوبەری ئاگرکەوتنەوەکەی زۆرتر دەبێت، جگە لە هەڵکردنی با و تەشەنەکردنی ئاگرەکە بەرەو دەوروپشتی خۆی.
  • کەمتەرخەمی دەوڵەت لە فەراهەمکردنی دەزگاکانی کوژانەوەی ئاگر و عەمبارکردنی ئاوی کۆگاکان بۆ کۆژانەوە و کەمکردنەوەی بودجەی پێویست بۆ ئەو پێشهاتانە.
  • دروستکردنی خانوبەرە لە دار، بەهۆی بوونی چڕەدارستان لەو ناوچەیەدا، یارمەتیدەرێکی باشی ئەو تەشەنەکردنەیە و ئاسانکاری زۆری بۆ بەرفراوانبوونی ئاگرەکە دەکات.

کەوتنەوەی ئاگر بەهۆی ماکەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە، کە بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی ئەو گازانەوەیە کە توانای قەتیسکردنی گەرمییان هەیە بۆ نمونە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن[[2]] نوێ نییە و پێشتر لە کەنەدا، ئوستورالیا، یۆنان،  تورکیا و زۆر شوێنیتر روویداوە، بەڵام تێگەیشتنی زانستی لە هۆکاری ڕوودانەکە زۆر گرنگە.

ئەگەر ڕۆمانی زۆربا لە کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، باس لە تێکچوونی یاساکانی سروشت بکات بەهۆی دەستدرێژی مرۆڤەوە، چۆن لە سەرەتای سەدەی بیستویەکدا، ئەم جۆرە کارەساتانە بە لێکدانەوەی ئەودیوی سروشتدا وەکو تۆڵەسەندەنەوە لە خراپەکاری لێکدەدرێتەوە، زانست دەسەڵاتە، دەسەڵاتێکی هاوسەنگ و بێلایەن بە شێوەیەک؛ کە داکۆکی لە کرۆکی هۆکارەکان و دەرئەنجامەکان دەکەن، لە ئێستادا توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکان لە میانەی گۆڕانی کەشوهەوادا، ئەوەندە بە دڵنیاییەوە دەخرێنە ڕوو، کە هیچ لادانێک یا هیچ خەوشێک لە ڕاستییەکاندا نابینرێ، باشترە کۆمەڵگەی خۆمان چمکێکی زانست بگرن و هێدی هێدی لە هزر و بۆچوونەکانیاندا جێنشینی بکەن، ئەگەر کارەساتێک لە گلۆبالی سەروودا رووبدات و کەمتر زیانی هەبێت، هۆکارەکەی ئەوەیە لە زانستدا پێشکەوتوون و خۆیان بۆ ئامادە کردووە، بە پێچەوانەی هەندێ لە وڵاتانی گلۆبالی خواروو.

باشووری کوردستان ژینگەیەکی ئەوەندە مەترسیداری هەیە، بەجۆرێک کە ڕەنگدانەوەی لەسەر تەندروستی و ژیانی کۆمەڵایەتی دانیشتوان دەرکەوتووە، باشترە دانیشتوان فشارێک لەسەر دامودەزگاکان دروست بکەن، بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بۆ سەلامەتی خۆیان، بۆ نمونە پاڵاوگە و ویستگەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز ڕەچاوی یاسا ژینگەییەکان بکەن، یا هیچ نەبێت سوتەمەنی هاتوچۆ جۆری باش بێت لە کاتێکدا ئەو هەموو ئۆتۆمبێلە نێو شاری تەنیوە، یا هاوردەکردنی خواردنی ناتەندروست قەدەغە بکەن، یا هەر جۆرە کارێک کە ئاستی ژیارێکی باشتر ببەخشێ، خۆ کارەساتی ژینگەیی هەر ئاگرکەوتنەوە نییە، ئەم هەوا پیس و پڕ لە دوکەڵە بەردەوام ژیان دەخاتە مەترسییەوە.

ئەم سروشتەی ئەوەندە هاوسەنگ و خاوێن بوو، کە مرۆڤایەتی جێگیر کرد و فێری چاندن و کشتوکاڵی کرد، شارستانییەتی بنیاتنا و ئاوەدانی کردەوە و لە زانستدا بە سەردەمی (هۆلۆتسین) ناودەبرێ، ئێستا بەهۆی چالاکی لەڕادەبەدەری مرۆڤەوە، ئەو هاوسەنگییە تێکچووە و یاساکانی سروشتی شێواندووە و بەسەردەمی (ئەنترۆپۆجین) ناودەبرێت، ئیدی نادڵنیاییەک لە تەواوی جیهاندا سەریهەڵداوە و کارەساتە سروشتییەکانی وەکو ئاگرکەوتنەوە، لافاو، وشکەساڵی، بەبیابان بوون، قەیرانی ئاو، لەناوچوونی مەرجانە گیاییەکان و فرەزیندەوەر هیچ شوێنێکی لێ بێبەش نابێت. ئەم دەرئەنجامانەی کە ئێستا هەن، هەمان ئەو دەرئەنجامانەن کە توێژینەوەکان دەیخەنە ڕوو.

پەراوێزەکان

  1. https://trans-cultures.fr/?p=8586
  2. https://trans-cultures.fr/?p=8617

[1] https://trans-cultures.fr/?p=8586

[2] https://trans-cultures.fr/?p=8617

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *